چالاکێکی کرێکاری لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوو مانگ زیندان سزا درا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان چالاکێکی کرێکاری بە ناو عۆسمان ئیسماعیلی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی ئاژاوە ساز کردن و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی ، بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا بە ساڵێک زیندان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقزدا سزا درا ، و پاش ناڕەزایی ناوبراو سەبارەت بە سزای یەک ساڵ زیندان لە دادگای پێداچوونەوەدا سزای ناوبراو بۆ دوو مانگ زیندان کەم کرایەوە .

بە پێی ڕاپۆرتەکە ، دادگای پێداچوونەوەی عۆسمان ئسماعیلی ڕۆژی ۱٦ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە شاری سنە بە ڕێوەچوو و بڕیاری دادگا  ۲٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە دەستی ئەم چالاکە کرێکاریە گەیشت .

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بە پێی یاساکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهانی کە لە خاڵی ۲۰ دا ئاماژەی پێکراوە دەڵێت : “هەر مرۆڤێک مافی ڕێخستنی کۆبوونەوەی هەیە و ئازادانەی لە ڕێگای ساز کردنی ئۆرگانگەلی ئاشتیخوازەوە مافی ساز کردنی کۆبوونەوەی هەیە ” و سەپاندنی سزا بە سەر ئەم چالاکەدا ڕاشکاوانە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە ئەژمار دەکرێت .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان