29نوێنەری پارلەمانی ئوروپا داوای ئازادیان بۆ زیندانیانی سیاسی و ڕۆژنامەوانان پێش لە هەڵبژاردنەکان ئێران کردوە

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە و بە گوێرەی کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران ، 29 نوێنەری پارلەمانی ئوروپا بە بڵاوکردنەوەی نامەێیک داوایان لە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە پێش لە هەڵبژاردنەکان زیندانیانی سیاسی و ڕێکخەرانی کاناڵە تلگرامییەکان ئازاد بکەن و هەروەها خوازیاری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازادانەو بەرانبەرن بە چاودێری چاودێرانی سەربەخۆ لە ئێرانن .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ، لە نامەکەدا کە ڕووی ئاماژەی بە لێپرسیاری سیاسەتی دەرەوەی ئوروپایە (فدریکا موگرینی ) خوازیارن لێی کە لە گەڵ گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەو بابەتە ڕاوێژ بکەن و خاترجەمیان کاتەوە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئوروپا و ئێران بەس بە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانەوە لە ئێران  گرێدراوە و ئەگەری سەرکەوتن بە خۆیەوە دەبینێ .

لە بەشێکی تری نامەکەدا باس لە زیاد بوونی سەرکوت و دەستبەسەرکردنەکانی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەکات ، هەروەها باس لە  فیلتێر و بلاک کردنی کەرەستە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات لە لایەن سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و هەروەها داوا لە بەرپرسانی  کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە پارێزەی مافی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی بن کە بتوانن لە ئینترنت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان سودمەند بن .

لە کۆتاییدا ۲۹ نوێنەری پەرلەمانی ئورووپا  جەختیان کردۆتەوە کە ئێمە لە  واژۆکەرانی ئەم نامەیە ،  لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی ئوروپا ، لە پڕۆگرامی گشتی و هاوبەش و هەروەها لە پەرەپێدانی پەیوەندی ئێران و ئوروپا پشتگیریمان کردوە و هەردەم  لە گەڕان بەدوای چارەسەرێیکی دڵنیا و خاتر جەمدا دەگەڕێین کە گەمارۆکانی سەر ئێران لاببرێت و ببێتە هۆی باشتربوونی دۆخی ژیانی گەل ، و ئەو نوێنەرانە لە ئاخری نامەکەی خۆیاندا نەیانشاردۆتەوە کە باشبوونی دۆخی ژیان و مافی  خەڵکی لە ئێراندا هەردەم لە پەژارەسەرەکییەکانی  ئێمە بووە .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان