هاووڵاتییەکی مەریوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی دا خۆی بسووتێنێ
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی،پیاوێکی دەستفرۆش لە مەریوان، بەهۆی داستبەسەرداگرتنی عارەبانەکەیەوە لە لایەن شارەوانیی ئەو شارەوە، هەوڵی خۆسووتاندنی دا.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە کە ڕاسپێردراوانی شارەوانی، کاتێک ویستوویانە عارەبانەی ئەو پیاوە بەرن کە تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی ئەوە پیاوە دەستفرۆشە بووە، ئەو پیاوەیان بینیوە کە بنزینی بەسەر خۆیدا کردووە کە ئاگر لە جەستەی بەربدات، هەر بۆیە ڕێگرییان لێی کردووە.
ئەو کردەوانەی شارەوانی لەکاتێکدایە کە شارۆمەندانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی دیاردەی بێکاری، ڕوویان لە هێندێک کاری ڕۆژانە کردووە و هەموو جارێک ڕووبەڕووی هێرش و ئازاردانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی باری دەروونی خەڵک تێکبچێت.
دەبێ بوترێت کە دەستفرۆشی و کۆڵبەری دوو لەو پیشەدرۆیینەکانن(اشتغال کاذب ) کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،خەڵک ڕووی تێکردوون و خەڵکانێکی زۆر بژێوی ژیانیان لەو ڕێیانەوە دابین دەکەن. بەڵام سەرەرای گووشارە ئابوورییەکان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش بە خەڵکی کوردەوە ڕەوا نابینن و هەموو کاتێک لە ئازاردان و ڕاوەدوونانی ئەو خەڵکانە سڵ ناکەن و تەنانەت لەبابەتی کۆڵبەرانی کورد، ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکوژرێت .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان