کۆمەڵکووژی گەلی کورد لە ژێر ناوی “ئەنفال” لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی ئێراقەوە لە ساڵانی ۱۹۸۹-۱۹۸۸
کۆمەڵی مافی مرۆڤی کوردستان:
ئەمڕۆ هەینی ۱٤ئاپڕیل بەرابەری ۲٥ی خاکەلێوەی ۱۳۹٦هەتاوی ، کە ۲۹ساڵ لە ڕەشەکوژی کوردان بە ناوی ئەنفال لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە تێپەڕدەبێت . ئەو قڕ کردنە لە ماوەی چەند مانگدا و لە ۸ قۆناغدا دژ بەکوردان ئەنجام درا کە ۱۸۲ هەزار کەس بوون بە قوربانی و سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم هەموە ساڵە هەنوکە پاشماوەی دیارەدە دەروونی و کۆمەڵگاییەکانی ئەم قڕکردنە بە جەستەی کۆمەڵگای کوردیەوە دیارە.
قڕکردنی گەلی کورد لە ساڵی ۱۹۸۷ئامادەکاری بۆ کرابوو و “عەلی حەسەن مەجید” بەرپرسی باڵای پارتی بەعسی لە باکووری عێراقدا ، سرپرشتیاری ئەو زنجیرە هێرشانەی لە ئەستۆ گرتبوو و لە ۲۳فیبرییەی ئەو ساڵەدا ئەو پلانە دژەمرۆییە چویە بواری کرداریەوە. لە سەرەتادا کیمیابارانی شاری حەڵەبجە کە پترلە ٥هەزار شەهیدی لێکەوتەوە و پتر لە ۱۰هەزار کەس بریندار بوون وەک هەنگاوی یەکەم جێبەجێ کرا.
پڕۆسەی ئەنفال لە ماوەیەکی کورتدا ، زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە . لە کۆی ئەم هێرشانەدا پتر لە ۱۸۲هەزار کورد کوژران کە تا ئێستا زۆربەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ناوەند و باشووری عێراق کوژراوەکانی ئەو کاتەن کە ژینۆساید لە سەریان بەڕێوەچوو.
پتر لە ٤هەزار گوند ، ۱۰۰مزگەوت و ۱۰۰کنیسە وێران کرا. لەم هێرشانەدا پتر لە ۲ملوێن سەر ئاژەڵی جۆراوجۆر لە ناو چوون و زەرەر و زیانێکی زۆر بە ژینگەی کوردستان گەیشت . هێرشەکان لە ئاستێکی هۆڤانەدا بوون کە بەشێکی زۆر لە باخات ،چۆمەکان ، کانیاوەکان لە لایەن داگیرکەرەوە و هێرشبەرانەوە لە ناو بران.
پاش ۲۹ساڵ ئێمە لە کاتێکدا ئەو هێرشە دژە مرۆییە وەبیر دێنینەوە کە تا ئێستاش زۆربەی تاوانبارانی ئەو کارەساتە نەبراونەتە بەردەم دادگا ، بەڵکۆ بە پێچەوانە زۆربەیان ئەمڕۆ خاوەن دەسەڵاتن و پلەو پێگەی حیزبی و تەنانەت حکومیان هەیە، چ لە دەسەڵاتی عێراقدا و چ لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاند و تا ئێستاش نە لە بواری ئابوری و نە لە بواری دەروونی و مەعنەوییەوە ،بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە هیچ جۆرە قەرەبوویەک نەکراوەتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە سەدەگەلی ۲۰و۲۱دا چەندین جار قڕ کردنی گەلی کورد ڕووی داوە ، کە بۆ نموونە دەتوانین باس لە قڕکردنی “درسیم” لە باکووری کوردستاند لە ساڵی ۱۹۳۷ و قڕ کردنی “قاڕنا و قەڵاتان ” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەڤەری شاری “سەردەشت”دا لە ساڵی ۱۹۷۹ و کیمیا بارانی “حەڵەبچە” لە باشووری کوردستاندا لە ساڵی ۱۹۸۸، “قامیشڵو” لە ساڵی ۲۰۰٤ لە ڕۆژاوای کوردستاندا و دواین جاریان قڕ کردنی گەلی کورد لە ساڵی ۲۰۱٤لە “شەنگاڵ”دا، بکەین .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ئیدانەکردن و مەحکوم کردنی ئەم ژینۆسایدانە ، داخوازی دادگای کردنی تاوانبارانی ئەم کارەساتەییە و ڕێزی خۆی بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە دەردەبڕێت و بۆ پێشگیریکردن لە دووپات بوونەوەی ئەم ڕووداوانە داخوازی هاوبیری و یەکگرتویی لە نێوان پارتە سیاسیەکاندایە لە چوار ەشی کوردستاندا .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان