درێژکردنەوەی گەمارۆکانی یەکێتی ئۆروپا دژی ئێران بە هۆی پێشێل کردنی مافی مرۆڤەوە

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، یەکێتی ئۆروپا ڕۆژی سێ‌شەممە ۲۲ی خاکەلێوە گەمارۆکانی خۆی دژی ئێران بە هۆی” پێشێلکاری مافی مرۆڤەوە “بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە. ئەم گەمارۆیانە یەکەم جار ٦ ساڵ پێش لە دژی بەرپرسانی باڵای ئێران پەسەند کرابوو.
هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە مەڕ ئەم مژارە دەنووسێت؛ یەکێتی ئۆروپا لە ساڵی ۲۰۱٥وە کە ڕێکەوتنی ناوەکی نێوان تاران و ٦ هێزی جیهانی لە مەڕ پڕۆگرامی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە، تێڕوانینێکی جیاوازی لە هەمبەر ئێران هەڵبژارد و کۆتایی بە دژایەتی و گەمارۆی ۱۰ساڵەی لەسەر ئەو وڵاتە هێنا.
سەرەڕای ئەوە، یەکێتی ئۆروپا ڕۆژی سێ‌شەممە گەمارۆکانی خۆی دژی ۸۲ کەس وەک تاک و ۱ کەسایەتی لە سەر ناوی ئێران بە هۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤەوە تا ۱۳ی ئاوڕیلی ساڵی ۲۰۱۸ (۲٤خاکەلێوەی۱۳۹۷) درێژ کردەوە.
بە پێی ئەم بڕیارە، دەست دەگیرێ بەسەر دارایی و سەرمایەی ئەو کەسانەی کە گەمارۆ لە سەریانە و ڕێگەیان پێنادرێ سەردانی هیچ یەک لە وڵاتانی یەکێتی ئۆروپا بکەن.
بە هەمان شێوە ئەم یەکێتیە هەناردەکردنی هەر جۆرە کەرستەیەک کە بۆ سانسۆڕ کردنی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان یا هەر جۆرە سیستەمێک کە بۆ سیخۆری لە سەر کەرەستەی پەیوەندی‌کردن لە ناوخۆی ئێراندا کەڵکی لێدوەردەگیرێت، قەدەغە کردووە.
گەمارۆی۸۲ کەس لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە لە لایەن یەکێتی ئۆروپا، یەکەم جار ساڵی ۲۰۱۱ پەسەند کراوە کە ئەم گەمارۆیانە بریتی بوون لە دەستگرتن بە سەر ماڵ و دارایی و هەر وەها قەدەغە کردنی سەفەری ئەو کەسایەتییانە بۆ ئەو یەکێتییە.

محەمەد عەلی جەعفەری بەرپرسی سپا ،حەسەن فیرووز ئابادی، بەرپرسی گشتی پێشوی هێزە چەکدارکان، عەلی سەعیدی نوێنەری “ولی فقیە” لە سپا، حۆسین تائیب بەرپرسی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، محەمەد ڕەزا نەقدی بەرپرسی پێشینی بەسیج، ئیسماعیل ئەحمەدی مۆقەددەم بەرپرسی پێشوی هێزە ئینتزامییەکان، سادق ئاملی لاریجانی بەرپرسی باڵای دادوەری ، غوڵام حۆسیین ئیژەیی جێگری یەکەمی بەرپرسی گشتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەعید مۆرتەزەوی دادستانی پێشوی تاران و چەند دادوەری دادگاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی، نموونەیەکن لەو کەسانەی کە لە ڕێزی گەمارۆدراوەکاندا ناویان هاتووە .

ئەو گەمارۆیانەی کە بە هۆی پێشێلکاری مافی مڕۆڤەوە لە لایەن یەکێتی ئۆروپا دژی ئێران پەسەند کرا لە ساڵی ۲۰۱۱ هاوکات بوو لە گەڵ سەرکووت کردنی شارۆمەندان و دژبەرانی مەحموود ئەحمەدی‌نژادی سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی ئێران ، کە لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دەدرا.

گرانی سەرکوتکارییەکان بە ڕادەیەک بوو کە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێریکی تایبەتی بۆ ئێران دیاری کرد، بەڵام تاران ئامادە نەبوو هاوکاری بکات .
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندگەلی مافی مرۆڤی لە ساڵانی ڕابردوودا ، سەرەڕای هاتنە سەر کاری حەسەن ڕۆحانی لە ساڵی ۱۳۹۲وە، شەپۆلی دەستبەسەری چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کرێکاری، دەرکردنی سزای گران دژی ئەم چالاکانە دیسان بەردەوامە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان