مەترسی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی لوڕ لە زیندانی خوڕەماوا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە زیندانی خوڕەماوا زیندانییەکی لوڕ لە سێدارە بدرێت.
“مــازیار گراوەند” خەڵکی شاری کوهدەشت لە پاریزگای لوڕستانە کە ماوەی ۳ ساڵە بە تۆمەتی ڕاگرتن و گواستنەوەی مادەی هۆشبەری “هێرۆیین”، لە زیندانە و لەلایەن دادگاوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٥ شەممە ۱٦ی خاکەلێوە، بەرپرسانی ئیدارەی زیندانی خوڕەماوا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا بە بنەماڵەی ناوبراویان وتووە کە بۆ دوایین جار، بێن و کوڕەکەیان ببینن، لەبەر ئەوەی لە سێدارە دەدرێت.
شایانی باسە کە سەرەڕای دژایەتی کردنی چالاکانی مافی مرۆڤی نێوخۆیی و دەرەکی و هەروەها داواکاری و وشیارکردنەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بابەتی سێدارە، دەستهەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگری دەکات لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە دژە مرۆڤی و دژە ئەخلاقییە.

کۆمەڵەی مافی مـــرۆڤی کوردستان