بە تەقەی هێزە سنوور پارێزەکانی ئێران، کوردێک و ئەفغانییەک بریندار بوون

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ۲۷ی ڕەشەممە، لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، هێزەکانی ئینتیزامی جێگیر لە ئاوایی «گەڵاڵێ» سەربە شاری ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەیان لە کۆمەڵێک خەڵک کرد کە لە ئەنجامدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گەڵاڵێ بەنێوی «قادر ئاسام» و هەروەها هاووڵاتییەکی ئەفغانی، بە گرانی بریندار بوون.

سەرچاوەیەک بە ئێمەی ڕایگەیاند کە هێزە ئینتیزامێکان لە ترسی تووڕەیی خەڵک ئەو بریندارانەیان لەو سەرمایەدا بەجێهێشتووە و دوای ئاگاداربوونەوەی خەڵکی ئاوایی، هەر دوو بریندارەکە دەگوازرێنەوە نەخۆشخانەی شاری ماکۆ و بەهۆی گرانی برینەکەیانەوە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دان.

شایانی باسە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، بەهۆی نەبوونی کارگەی کارو بارودۆخی نالەباری ژیانیان، بەناچاری ڕوو لە کارکردنی سەر سنوور دەکەن و ڕۆژانە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان