ڕەق هەڵاتنی ۵کۆڵبەر/کۆڵبەرێکی ۱۷ساڵ تەمەن گیانی لەدەستدا/کۆڵبەرێکی دیکە بەگرانی برینداربوو

کۆڵبەرێکی ۱۷ساڵ تەمەنی کورد کەلەگەڵ ٤ کۆڵبەری دیکە لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری “بێوران”ی سەربە شاری سەردەشت تووشی بۆرانی قورس ببوون، بەهۆی سەرما وڕچینی بۆرەوە گیانی لەدەست دا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: شەوی ڕابردوو ۱۵ی ڕەشەممە، ۵ کۆڵبەری خەڵکی گوندەکانی سەربە شاری سەردەشت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتی گەڕانەوە لەناوچەی شاخاوی «دووپەزە» لەناوچەی بێوران تووشی بۆران وسەخڵەتی هاتن ویەکێک لەم کۆڵبەرانە گەنجێکی ۱۷ ساڵ تەمەن بوو کەگیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی باسەکە؛ ئەو کۆڵبەرەی کەگیانی لەدەست داوە ناوی «کاروان ڕشکە» ۱۷ ساڵ تەمەن، کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی «میرئاوا»ی سەربە شاری سەردەشتە.

لەم ڕووداوەدا سێ کۆڵبەری دیکە بەشێوەی سەرپێی چارەسەریان بۆکرا وهەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی نالەبەربوونی دۆخی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت.

هەروەها دوێنێ کۆڵبەرێکی گەنجی کورد بەناوی «بەهمەن تەوفیقی» بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان بەگرانی برینداربوو. ناوبار هەنووکە لەنەخۆشخانەی شاری سەردەشت لەژێر چاوەدێری پزیشکی دایە. ناوبراو خوێندکاری زانکۆی ئازادە و بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ژیانی ڕووی لەپیشەی نەگونجاوی کۆڵبەری کردووە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.