تەقینەوەی هاوەنێکی بەجێ ماوی مانۆڕی سەربازی سپای پاسداران هاووڵاتێیکی کردەقوربانی

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی هەینی ۱۳ ی ڕەشەمەی ئەم ساڵ یەکێک لە دانیشتوانی گوندی زوباران لە ناوچەی باجگیرانی قوچان لە نزیک ئاواییدا گولە هاوەنێکی نەتەقێنراوەی دەبینێتەوە کە بەڕویدا دەتەقێتەوە.

هەواڵەکە باس لەوەوە دەکات کەئەم تەقینەوە دەبێتەهۆی بریندار بونی ئەم کەسە و لە کاتی هەناردەکردنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات.

پێویستە بەبیری بێنینەوە لە سەرەتای ڕەشەمەی ئەمساڵدا لە ناوچەی باجگیرانی قوچان و نیشتمانی کوردانی خۆراسان و لە سەر سنووری تورکمەنستان مانۆڕێکی سەربازی سپا بەڕێوە چوو کە ئەم گولە نەتەقێنراوەیە لەو کاتەدا بەجێ ماوەوە و بوە هۆی کوژرانی ئەو کەسە.

جێگەی باسە لە دوای هەر مانۆڕێکی سەربازی تیمی تایبەت بە پاکردنەوەی ناوچەکە کە بە دەشتەوان دەناسرێت ئەرکە لە سەری ناوچەکە خاوێن بکرێتەوە و تەقەمەنی کار نەکردوو کۆبکرێتەوە کە سپای پاسداران وەک نەریتی دایمی خۆی هەڵنەساون بەو ئەرکەو ڕووداوی ئاوای لێکەوتۆتەوە.

ناوچەی باجگیران، شارەدێ دەوڵەتخانە و شاری باجگیران زیاتر لە دەهەزار نەفەر دانیشتوی تێدایە و لە ۷٨ کیلومیتری باکوری شاری قوچاندایە.

شاری قوچان بە پێی سەرژمێری مەرکەز ئاماری ئێران لە ساڵی ۱۳۹۰ دا زیاتر لە ۱٨٦۰۰۰ کەس دانیشتوی هەیە کە ٨۳ هەزارکەسی گوند نشین و ناباقییەکەی لە شاردا دەژین و زۆربەی دانیشتوانی قوچان کوردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان