بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ڕۆژی یەکشەممە ۸ی ڕەشەمەی ۱۳۹٥ی هەتاوی هێزەکانی شارەوانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوڕێ لە گەڵ هێزە ئینتزامیەکان بە بەرپرسایەتی سەرهەنگ «دیانی» کە خەڵکی شاری «قوم»ە (قوم شارێکی ئێرانە لە دەرەوەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە چەند ئۆتۆمبیلێک و هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکەنە سەر دەستفرۆشانێ شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکانی ئێقاباڵ و شۆڕشی ئەو شارەدا و ئاستەنگی بۆ کەسبوکاری دەستفرۆشان سازدەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی ئامارگەلی فەرمی، پارێزگای سنە لە پلەگەلی سەرەکی ڕێژەی بێکاریدایە لە ئێراندا و سەرەڕای ئەو کە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە خویندنی باڵایان هەیە زۆرترین ڕێژەی بێکاری تایبەتە بە چینی خویندەواره لەم پارێزگایەدا.
جێگای وەبیرەهێنانەوەیە، بە هۆی تێڕوانینی ئەمنی لە لایەن دەسەڵاتەوە (حکومەت) لە دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی بنەماگەلی ئابوری و پێشەگەلی سەرەکی و بنەڕەتی، خەڵکی ئەم دەڤەرە داهاتویەکی ڕوون بۆ دواڕۆژی خۆیان بەدی ناکەن و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان ناچارن ڕوو بکەن لە پیشەگەلێک لە چەشنی کۆڵبەری کە ڕۆژانە ئاماری قوربانیانی ڕوو لە زۆر بوونە، یا خۆ ڕوو دەکەن لە پێشەگەلێک بۆ نموونە وەک دەستفرۆشی کە حکومەت ڕێگای دابین کردنی بژێوی ژیانی لەم ڕێگایەوە لە شارۆمەندان گرتوە و ئیزنی ئیشوکاری شەرەفدارانە تەنانەت بە داهاتێکی کەمەوە بە هاووڵاتیان نادات. ئەم شێوەی هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی هەموو یاساکانی مافی مرۆڤ بە ئەژمار دێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


