گیان لەدەستدانی دایکێک بەهۆی کەمتەرخەمی پزیشکی لەشاری مەریوان/ ناڕەزایی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌

دایکێك پاش نەشتەرگەری پزیشکی (نەشتەرگەری سزاریەن) وپێڕانەگەیشتن وکەمتەرخەمی پزشکەکەیەوە پاش ئەوەی منداڵەکەی دەبێت بەهۆی خوێن لەبەرچوونی زۆرەوە لەنەخۆشخانەی مەریوان گیانی لەدەست دەدات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۷ی ڕەشەممەی ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی لەسەردەمی تەکنۆلۆژیا وسەرەڕای هەبوونی پزیشکانی بەناوبانگ وبەڕواڵەت پسپۆڕ، دایکێکی گەنج وخولیای منداڵ لەژێرناوی «سوهیلا مەولوودی» ۳۱ ساڵ تەمەن وخەڵکی گوندی «مازی بن»، سەربە شاری سەوڵاوا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوژینی «جەلال محەممەدی» بەهۆی کەمتەرخەمی و ڕق وکینی پزیشک وپەرستارانی نەخۆشخانەی «بووعەلی سینا»ی مەریوان گیانی لەدەست دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرته‌كه‌، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری ژنان ومنداڵبوون بەناوی «مەعسوومە ئەردەڵان نیا» بەهۆی هاوار وبانگی ئاسایی هاوژینی ئەو ژنەوە کە لەهەمبەر ئازاری ژنەکەی ئۆقرەی لێبڕابوو لەگەڵ پزیشکەکەی کێشە ودەمەقاڵەی بۆساز دەبێ وهەربۆیە پزیشکی ناوبراو لەنەشتەرگەری خۆی دەبوێرێ وتەنانەت هاوژینەکەی خۆی بانگهێشتی نەخۆشخانە دەکات بۆ تێهەڵچوون لەگەڵ بابی ئەومنداڵەی کەبڕیارە چاوبۆژیان هەڵبێنێ وسەرەڕای سوکایەتی بەو پیاوە دڵ بریندارە سوکایەتیش بەخەڵکی مەریوان دەکات وپاشان دەڵی تاوەکوو ئەو پیاوە پێڵاوەکانم ماچ نەکات نەشتەرگەری بۆهاوژینەکەی جێبەجێ ناکەم.
پاشان باوکە ناچاردەبێ سەرەڕای ئەو دۆخەنالەبارەی ڕووی دابوو بکەوێتە سکاڵاو پاڕانەوە، هەربۆیە پزیشکی ناوبراو بەبێ مەیلی وکەم بایەخییەوە نەشتەرگەری بۆدەکات وبەجێی دەهێڵێ وهیچ چەشنە پێشنیارێکی گرنگ لەمەڕ ئەومەترسییەی لەسەرگیانی دایکەکەهەیە بە پەرستاران ڕاناگەیەنێت وهەمدیسان داوایان لێدەکات مافی ئەوەتان نییە ئەو شەو هیچ چەشنە پێوەندییەک بەمنەوە بکەن.
هەربۆیە پەرستارەکانیش بەتەواوەتی خۆیانی لێ گێل دەکەن لەبریتی ئەوەی هەر ۱۵ خولەک جارێک کۆنتڕۆڵی ڕەوشتی نەخۆشەکە بکەن وتەنانەت هاوڕێی نەخۆشەکە چەندد جار هانایان بۆدەبات بەڵام هەر لەپێڕاگەیشتنی خۆدەبوێرن. هەربۆیە نەخۆشەکە بەهۆی خوێن لەبەرچوونی زۆر ولەهۆش چوون ودابەزینی زەختی خوێن وکەمتەرخەمی پەرستارەکان پاش ۵ کاتژمێر تووشی شۆک دەبێت ولەکۆتاییدا گیانی لەدەست دەدات.

جێگەی باسە زۆرینەی ئەو پزیشکان وپسپۆڕ و بەرپرسانی دامو دەزگا حکوومییەکان کەلەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتونەتە ئەو بەشە لەکوردستان بەهەمان زەینییەتی خۆبە زل وزانا وباڵادەست وخەڵکی ئەو دەڤەرەیش بە نەزان وبندەست ودواکەوتوو چاو لێدەکەن، ئەو زەینییەتەی کەهەڵقوڵاوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە وتەنیا وەکوو تاقیگەیەک پاش تەواوکردنی خولی خوێندن لەم ناوچەیە کەڵک وەردەگرن ودەزانن کوشتن وسەقەت کردنی هەرچەشنە نەشتەرگەرییەک لەم ناوچە کوردنشینانە لەلایەن حکوومەتەوە بەدواداچوونی بۆناکرێ وهەموو دام ودەزاگان دژبە خەڵکی کورد دامەزراون نەک بۆخزمەت گوزاری، هەربۆیە زۆربەی کارەساتە مرۆییەکان لەناوچە کوردنشینەکان دەستی بەرپرسان وپلەدارانی ناکوردی تێدایە.

جێگەی باسە هەربەم بۆنەوە خەڵکی ڕووناکبیر وئەرک وەخۆگری شاری مەریوان کەیەکێک لەناوەندە کەلتووری ومافی مرۆڤی وژینگە پارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتەنانەت ئێرانیش دێتە هەژمارە بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەوکارە دژە مرۆییە لەبەردەم نووسینگە (مطب)ی پزیشکی ئەو پزیشکەی کەهۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنەی هێنایە ئاراوە کۆبوونەوە وهاواری خۆیان بۆ بەرپرسانی حکوومی وهەروەها هەموو جیهان گەیاند کە هەموو قوربانییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پلان ودەستی حکوومەتی تێدایە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان