دیسان کۆڵبەر و کارەسات لە ئالانی سەردەشت

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ڕۆژی ۲۳ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ هەتاوی کۆڵبەرێک کە ناو و ناسناوەکەی نەزانراوە لە هەوراز و سەختێکی بەرزاییەکانی ئالانی سەردەشتەوە دەکەوێتە خوارێ و بەتوندی برینداردەبێت ،چارەنوسی مان و نەمانی نادیارە.
شایانی باسە لە زستانی ئەمساڵدا جگەلەوەی وبەدرێژایی چەندین ساڵە هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی ڕاستەوخۆ کوڵبەران و کاسبکارانیان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەنە بەردەسڕێژ و کۆڵبەر گیانی لەدەست داوە و بریندار دەبێت و بە گرتنی ڕێگە هەموار و ئارانەکانی ناوچەشاخاوییەکان ، کوڵبەران ناچاردەبن بە هەوراز و شاخەکاندا هەڵگەڕێن و بە باری قورس و هەڵاشەوە ڕێگەی یەک کاتژمێری بە چوار پێنج ساعەت ببڕن و ئەمجارەیان دەکەونە بەر بۆسەی سروشت و ڕنوە بەفر و ڕووبارەکانەوە ،کەئەمەش هەروەک باسکرا بەئاشکرا دەستی ئەنقەستی هێزەجۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی تێدایە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان