ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی جانیوه‌ری ۲۰۱۷ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی جانیوه‌ری ۲۰۱۷ بەرانبەر بە ۱۲ به‌فرانباری تا ۱۲ی رێبه‌ندانی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان  بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان  چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.

هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.

لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە گەل کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

 

له‌سێداره‌دان

بەداخەوە لە مانگی دەربازبوودا ژماره‌یكی زۆر زیندانی کورد کە ناوەکانیان لە لایەن کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاشکرا کرابێت و ڕاگەیەندرابێت له‌ سێداره‌ دران. بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زۆر جار ناوی ئێعدامییەکان ناسراو بە سزای جۆراو جۆر لە لایە کاربەدەستانەوە ڕاناگەێندرێت و مێدیایی ناکرێت.

ڕۆژی سێشەمە ۱٤ی بەفرانباری ساڵی ۹٥ی هەتاوی سزای ئێعدام لە سەر تاوانبارێک بە ناوی مەحموود فەرامەرزی کە لەزیندانی قەزویندا بوە جێبەجێ کراوە. مەحموود فەرامەرزی ۳٦ ساڵ تەمەن کوڕی سەلیم هاووڵاتی شارستانی قوروە سەر بەپارێزگای سنەیه‌.

یەکشەمە ۱۹ی بەفرانبار دوو زیندانی کورد بە ناوەکانی سەجاد زرینە خەڵکی ئیلام و ڕۆحوڵا کشتمەند لە هاووڵاتیانی سەرپێڵ زەهاو لە دەوروبەر پردی ئینقلابی ئەو شارە لە بەرچاوی خەڵکدا لە دار دران.

زیندانێکی کورد بە ناوی محەمەد زبەردەست خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی «لاکان» ی ڕەشت لە سێدارە درا.

حوکمی ئێعدامی  ناسر سوڵتانی خه‌ڵکی میاندواو بەتۆمەتی کوشتن لەزیندانی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کرا.
ەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ۲٥ ی بەفرانباری ساڵی ۱۳۹٥ دوو بەندکراوی کورد کە بە تۆمەتگەلی مادە هۆشبەرەکان بە لە سێدارەدان سزا درابوون لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان لە سێدارەدران. یەک لە بەندکراوان سیف‌ئەڵا حسەینیان کۆڕی ئیبراهیم ۳۳ ساڵان خەڵکی سەقز کە ناوبراولە ڕۆژی ۸ی بەفرانباری ۱۳۸۹ لە شاری «سەحنە» سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و ڕۆژی ۲۸ی جۆزەردانی ۱۳۹۱ لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری جوانڕۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێعدام سزا درابو و بەندکراوی دیکە کە لە سێدارەدرا تۆفێق بەهرام‌نەژاد کوڕی قاسم و خەڵکی جوانڕۆ، ناوبراو لە ساڵی ۱۳۹۱ بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و ۱۳ ڕەشەممەی ۱۳۹۲ لە لقی ۲ ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بە ئێعدام سزادرا.

سەرلە بەیانی ۲۷ی بەفرانباری ۱۳۹٥ی هەتاوی له‌ شاری میاندواو بەندکراوێک بە تۆمەتی قەتڵ واتا کوشتنی کەسێک لە پێش چاوی جەماوەر بە هەڵواسین بە جەڕسەقیلەوە ئێعدام كرا.

دوی ڕێبەندان دوو زیندانی بەتۆمەتی ڕاگواستن وڕاگرتنی مادە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندی ورمێ هەڵواسران. «قەبل عەلی باپیر» کەبەهۆی نەخۆشی وئیفلیج بوون لەبەشی خوار پشتێنەوە لەبێهداری زیندان لەژێر چاوەدێری دابوو  وهەروەها ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی گواستبوویانەوە بۆژووری تاکەکەسی، وهەروەها سینا حسێن پوور ۲۲ ساڵ تەمەن لەبەندی گەنجان سەرلەبەیانی دووی ڕێبەندان لەزیندانی ناوەندی ورمێ هەڵواسران.

سێ‌شەممە ٥ ی ڕێبەندان، دوو بەندکراوە بە تۆمەتی قەتڵ لە زیندانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوو بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی خۆڕەم ئاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی «پارسیلۆەنی» خۆڕم‌ئاوا لە سێدارە دران. حامید حەمدۆڵاهی دانشتوی «میاندوواو» و عۆسمان قویتاسی دانشتوی بۆکان دوو بەندکراوی زیندانی ورمێ ڕەوانەی ژوورە‌ تاکە‌کەسیەکان کرابوون، بە تۆمەتی کۆشتن (قەتڵ) لە سێدارە دران. بە هەمان شێوە جەهانگیر بیرانۆەند و عادڵ بیرانوەند بە تۆمەتی پەیوەندی بە مادە سڕکەرەکان لە بەندیخانەی «پارسیلۆەن» لە شاری خۆڕم‌ئاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێعدام کران.


دەسبەسەر كردن و به‌ندیخانه‌

«دەستبەسەركردن، بانگهێشت و سزا دەرکردن، دۆسییە سازدان و گوشار»
ڕۆژی هەینی ۱۰ی بەفرانباری ئەمساڵ کاتژمێر ۲۳ هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە هێرشیان کردە سەر ماڵی سەباح باسامی و دەستبەسەریان کرد.

ڕۆژی شەممە ۱۱ی بەفرانباری ئەمساڵ، سامان کەریمی چالاکی مەدەنی بە ئامادە بوون لە لقی ۱۰۱ی دادگای شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵواسراو سزا درا.

حەسەن ڕەستگاری مەجد لە سی و یەکەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا جگە لەوەی لە سەر خۆ چوە واتا کەوتۆتە «کۆما» وە هێشتاش لە ژوری تاکەکەسیدایە. ئه‌م به‌ندكراوه‌ پاش نیوەڕۆی ۱٥ی بەفرانبار  لە پاش ۳۲ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن هێنا.

موحەمەد نەزەری زیندانی سیاسی کورد لە دوای ۲۳ ساڵ زیندانی کردن هێشتا پشووی پێنادرێت تاوەکو چارەسەر پزشکی وەربگرێت.

دۆخی تەندروستی کەماڵ حەسەن ڕەمەزان لە ژوورە تاکە کەسیەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیدارە و هیچ زانیاریەک لە دۆخی ناوبراو لە بەر دەستا نیە.

سەعیدشیرزاد لەڕۆژی چوارشەممۆ ۱۷ی سەرماوەزەوە لەناڕەزایی دەربڕین دژبە سیسەتی «مردنی بێدەنگی زیندانیانی نەخۆش ونەبوونی ئەمنییەت وپاراستن»ی زیندانیانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بەدروونەوەی لێوەکانی خۆی مانگرتن لەخواردنی ڕاگەیاندووە. ئه‌م به‌ندكراوه‌ كورده‌ رۆژی ۲٥ی بەفرانبار پاش چاووپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی بەندیخانە و بڵێنی ئەرێنی بەرپرسان لە مەڕ داخوازیەکانی پاش ۳۸ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنی خۆی هێنا.

ڕۆژین پایا بەندکراوی سیاسی کورد کە ٦ی خەرمانانی ۱۳۹٥ سزای٦ ساڵ زیندانی تێپەڕاند و بە شێوەی نایاسایی لە زیندان ڕاگیراوە.
سوهیلا مینایی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی کرمان پاش ٦ڕۆژ، لە سەر داواکاری دایکی کۆتایی بە مانگرتنی هێنا. سوهیلا ۲۷ ساڵان خەڵکی دیواندەرە لە ڕۆژی ۱۱ بەفرانبار ڕایگەیاند بوو کە بە دژایەتی لە هەمبەر لێدان و ئەشکەنجە و بێ ڕێزی و سووکایەتی لە لایەن هێزەکانی زیندانی کرمان لە خواردن ماندەگرێت.

عوسمان موستەفاپور زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە تاوەک ئێستا بیست و پێنج ساڵ لە خولی زیندانییەکەی دەرباز دەکات کەچی لە هیچ چەشنە مافێکی پشوودانی بێوەری کراوە.
هاجەر پیری لەناڕەزایی بەرانبەر بە دۆخی نالەباری زیندان، دۆخی نەگونجاوی جەستەیی وڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانیانی سزا وتاوانە کۆمەڵایەتییەکان بە هەناردنی نامەیەک بۆدادستانی وبەرپرسانی زیندانی تەورێز ڕایگەیاند کەلەڕۆژی سێشەممۆوە واتە ۱٤ی بەفرانبار دەست دەداتە مانگرتن لەخواردن.

زەینەب سوکانوەند، ژن بەندکراوێکی سزا دراو بە سێدارە بە تاوانی کوشتنی کەسێک، بە هۆی زەخت و گوشاری بەرپرسانی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ و هەروها ڕێگەنەدان بۆ چاووپێکەوتن لە گەڵ هاوژینەکەی لە ڕۆژی ۱۸ َ بەفرانبار ئەمساڵدا دەستیدایە مانگرتن لە خواردن.

ئیسکەندەر خەنجەری هەواڵنێری کورد ولەئەندامانی بونیادنەری هەواڵنێرانی پاراستنی ژینگە بەهۆی نووسینی یادداشتێکی ڕەخنەگرانە لەهەمبەر دۆخی باخچەی ئاژەڵانی هۆڤە لەورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگهێشتی دادگای ئەو شارە کرا.

گیراویی سیاسی کورد سەعید شێرزاد کە مانگرتنی لە خواردنی راگەیاندوە، بەو هۆیە کێشی لە ڕادەبەدەر دابەزیوە و لاواز بووە، ناوبراو بە بێهۆشی ڕەوانەی بێهداریی گرتوخانە کراوە، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە  باری تەندروستی ناوبراو زۆر خراپ بووه‌.
کەیوان کەریمی فیلمسازی ناسراو و بەندکراوی کورد لە بەندی هەشتی گرتوخانەی ئەوین، جگەلەوەی توشی هەوکردنی سییەکان و خوێنبەربوون بوە پێش لە هەناردەکردنی بۆ چارەسەری و تەداوی دەکرێت.

فواد یوسفی  زیندانی سیاسی مەزهەوی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ۱۹ ڕۆژ پێشەوە لە ناڕەزایەتی دەربڕینێکدا بەو هەڵوێستەی بەرپرسانی زیندان لەمەڕ پێنەدانی پشوو بەمەبەستی چارەسەری پزشکی، مانی لە خواردن گرتوە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ۲۳ ی بەفرانبار حەسەن ڕەستگاری مەجد، بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ۱۰٤ دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ لە دۆسییەکی نوێدا بە تۆمەتی شه‌ڵەژانی زیندان بە لێدانی ۲۰ قامچی و ۳ مانگ زیندان سزادرا.

ڕۆژی چوار‌شەممە ۲۹ بەفرانباری ئەمساڵ ۱۳۹٥ هەتاوی لە لایەن لقی ۱۰ی دادگای پێداچونەوەی ورمێ سزایی ۳٦مانگ و یەک ڕۆژ زیندان بۆ چالاکێکی  مەدنی بە ناوی ئیسماعیل سانیار خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات بە هۆی هاووکاری کردنی ناوندێکی مافی مرۆڤی و هەروەها هاوکاری کردنی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات بڕایەوە.

کامیل شریف‌زادە، خەڵکی ساڵح‌ئاوای سەقز، خاوەنی ماڵومنداڵ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی یەکێک لە پارتە کوردیەکاندا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان  لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان سزادرا.

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران  سێ بەندکراوی سیاسی کورد کەبەتۆمەتگەلێکی وەکوو، پێوەندی، لایەنگری ویان ئەندامەتی لەپارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەزینداندان، لەمافی گواستنەوەیان بۆزیندانەکانی زێد ومەڵبەندی خۆیان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگری دەکات. عومەرفەقێ پوور، محەممەد نەزەریو خالید فەرەیدوونی سێ زیندانی سیاسی کورد ۲۸ی بەفرانباری ۱۳۹۵ لەبەندی چواری زیندانی ڕەجایی شارەوە گوازرانەوە بۆ زیندانەکانی شاری شوێنی لەدایک بوونیان بەڵام پاش دووڕۆژ سەرلەنوێ گەڕێندرانەوە بۆ بەندەکانیان. ئەم سێ زیندانییە سیاسییە چەندد جار داوایان کردووە کەپاشماوەی زیندانییەکەیان لەزیندانی زێدی خۆیان تێپەڕبکەن.

۲۴ی بەفرانبار دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ورمێ بنەماڵەی زیندانی کورد فەهیم کەریمی ریک ئابادی ئاگادار کردۆتەوە کە ناوبراو بەهۆی کێشەی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.

سامان کەریمی چالاکی مەدەنی  ئەمڕۆ دووی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی لە شاری مەریوان کە بۆ چەندەمین جارە بانگهێشتی ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کراوە و خراوەتە بەر پرسیار و لێپێچینەوە.

نێعمەت فەتحی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان لە ژێر زەخت‌وگوشار دایە. نێعمەت فەتحی تا ئێستا چەند جار بە هۆی ئەو کە باوەڕداری ئایینی یارسانە لە زیندانی دیزڵ‌ئاوا گوشار و زەخت لە دژی بەڕێوەچوە و بەرپرسانی زیندان بێ‌ڕێزی و سوکایەتی پێ دەکەن و مافە ڕەواکانی بۆ نمونە پێدانی پشوو بە پێ یاسا پێنەدراوە.

ڕۆژی چوارشەممۆ ۲۹ی بەفرانبار هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سیروان گوڵزاری یان لەماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرد وگواستیانەوە بۆشوێنێکی نادیار.

۳ی ڕێبەندان مەنیژە فاتحی ۲۲ساڵان خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەت هاوکاری کردن لە گەڵ یەک لە پارتە کوردیەکاندا لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بۆکان بە چوار ساڵ و یەک ڕۆژ زیندان سزا درا.

یەکشەممۆ ۳ی ڕێبەندان بنەماڵەی دوو چالاکی مەدەنی لەشاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کران لەم شارەدا. بەگوێرەی هەواڵەکە بنەماڵەی ئیسماعیلی سەفی خانی، موختاری ناسری چالاکانی مەدەنی کورد خەڵکی شاری سنە لەپێوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی کەمپەینی شەنگاڵ لەساڵی ۱۳۹٤ بانگهێشت کراون.

لقی یەکی جێبەجێکەردنی سزایی ورمێ دەیەوێت پەنجەکانی بەندکراو «یۆسف پەروانە» ۷۰ ساڵان لە بەندیخانەی قزڵحسار جێبەجێ بکات. ئەم بەند کراوە بە تۆمەتی دزی دەستبەسەر کراوە.

چوار هاووڵاتی کورد کە لە ۱٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ دەستبەسەرکرابوون هەریەکەو بە ٥ ساڵ زیندان سزا دران. کەماڵ عەلی ئەقدەم، عەبدولغەفور ئاسوار، هەژار فارقی و یەعقوب نورە کە لە کەژەوانیدا  بوون دەستبەسەر و بە تۆمەتی هەوڵ دژی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کرابوون، لە لایەن دادوەری پێداچونەوە پشتڕاست کرایەوە و سزایان بۆ دەرچوە.

کومیسێۆنی لێبوردەیی ناوەندی تاران بەرانبەربە داواکاری محەممەد ئەمین ئارگوشی زیندانی سیاسی کورد لەزیندانی ناوەندی تەورێز دژایەتی وپەرچەکرداری نواندوە.

ڕەمەزان کەماڵ ئەحمەد، زیندانی سیاسی کورد خەڵکی کۆبانێ کەلەڕەزبەری ئەوساڵدا بەبێ تەواو کردنی خولی دەرمانی وچارەسەری لەبەندیانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندی قەزوین، لەچارەسەری پزیشکیش لەم زیندانە بێبەری کراوە.

دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان  ۷کەس لەهاوڵاتیانی خەڵکی شنۆی بەتۆمەتی هاریکاری کردنی حیزبە کوردیە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێرانی محاکمە کردووە. لقی یەکی دادگای ناوبڕاو بۆیەکێک لەدەست بەسەرکراوان بەناوی «هیدایەت عەبدوڵاپوور» ئێعدامی بڕیوەتەوە وبۆ ۶ کەسەکەی دیکە بەناوەکانی محەممەد زاهیر فەرامەرزی ۲ ساڵ زیندانی، یەعقووب بائەکرەم ۱۵ساڵ، جەلال مەسرووری ۱۵ساڵ، کەماڵ مەسرووری ۱۱ساڵ وسدیق باکەرەم ۱۰ساڵ زیندانی دیاری کردووە. ئه‌م به‌ندكراوانه‌ بەپێی بەڵگەنامەی داواکاری پاراستنی مافی جیا کردنەوەی تاوانەکان بوون، كه بەشێوەی تەمبێی گوازراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان.

دووشەمە ۱۱ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی هێزەئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری دێولان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئێقباڵ و پەروانە حوسێن پەناهی و پەروانە دەستبەسەر دەکەن.

حوکمی شۆڕش تەهماسبی چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بەساڵێک زیندانی تەعزیری و دووساڵ زیندانی بەشێوەی هەڵواسراو پەسەند کرا.


کرێکاران وناوەندی پیشەکان

ڕاپۆڕتی تایبەت بەکرێکاران:
خاوەنی کاری کومپانیای ئوروومی گەوهەردانەی میاندواو لانیکەم ۲۰ کرێکاری خۆی لەکار وەدەرنا.

ڕۆژی سێ‌شەممە ۲۱بەفرانبار کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەوانی کوزران سەر بە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سازدانی کۆبونەوەیەکی ناڕەزایی داخوازی وەرگرتنی مووچەی دواکەوتویان بوون.

ڕۆژی ۲٥ی بەفرانباری ساڵی ۹٥ی هەتاوی کرێکارانی  شارەوانی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گردبونەوەێیکی ناڕەزاییان بەڕێوەبرد. بەگوێرەی هەواڵەکە کرێکارانی ناڕازی لەدوای ئەوەی کە نزیک بەچوارمانگە موچەیان وەرەنەگرتوه‌.

زیاتر لە سێ مانگە کرێکارانی شەریکە و گرێبەستی «فەزای سەوز»ی شارەوانی ڕەوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی نالەبار و بەبێ وەرگرتنی موچە و پێداویستی، ژیان دەکەن. کرێکارانی فەزای سەوز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانی شاروانییەوە هەڕەشەیان لێکراوە لە ئەگەری هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕین و گردبونەوەێیکدا لە کارەکانتان وەدەرتان دەنێین.

کرێکارانی  ناوەندی چاندن وپیشە (کشت وصنعت) ی مەهاباد سەربە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناڕەزایی دژبە پێنەدانی موچەی ۱۶مانگەی خۆیان دەستیان داوەتە مانگرتن و پترلە ٤۰ڕۆژە لە بەردەرکەی ئەم یەکەی پیشەییە کۆبوونەوە.

۲۸ی بەفرانبار کرێکارانی پاڵاوگەی نەفتی کرماشان دژی ڕادەستکردنی پاڵاوگەی کرماشان بۆ بەشی‌تایبەت لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایان سازدا.

ستافی شارەوانی شاری میاندواو لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناڕەزایی دەربڕین دژبە وەرنەگرتنی مووچەی مانگانەی خۆیان وهەروەها پێدانی زەوی بەکەسان یان دامەزراوەگەلی نادیار ونەناسراو لەبەرانبەر شارەوانی ئەو شارە گردبوونەوەیان پێک هێنا.

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵێکی زۆر لە وەرزێرانی کرماشانی لەمەڕ وەرگرتنی داواکاریەکانیان لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کارخانەکانی لایەنی گرێبەستیان لەڕۆژی ۴ی ڕێبەندان. وەرزێران بەگردبوونەوەیان لەبەرانبەر کارخانەی قەندی بێستوون خوازیاری وەرگرتنی قەرز وداواکارییەکانیان وهەروەها تێچووی زەحمەتی  یەکساڵەیان وتەنانەت هەندێکیان داواکاری قەرزی وەپاشکەوتووی دووساڵەیان لەدەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وئەو کومپانیانەی گرێبەستیان لەگەڵ بەستبوو لەمەڕ کڕینی بەگرێنتی بەرهەمەکانیان.

شۆفێر تەکسیەکانی شاری بۆکان دژ بە کەم بوونی شۆێنی وەرگرتنی سووتەمەنی (گازی سی.ئێن. جی) لەو شارەدا، لە بەرانبەر نۆسینگەی فەرمی تەکسیداراندا کۆبوونەوەی ناڕەزاییان ساز کرد.
هاوکات لەگەڵ گەشتی «محەممەدباقر نەوبەخت» جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆپارێزگای سننە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرێکارانی بێکارکراوی پۆڵای زاگرۆس لەشاری قوروە، بە پێشکەش کردنی تۆمارێک، خوازیاری پێڕاگەیشتن بەدۆخی نالەباری ئەم کۆمپانیایە وڕەووشتی کارەکەیان بوون.

کۆڵبەران و مین

ڕاپۆرتی پێوەندی دار لەگەڵ مین ودۆخی کۆڵبەران لەم مانگەدا:
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی پێنج کۆڵبەری کورد  بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەئانقەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سنووری حاجی ئۆمەران، بریندار بوون. هێزەکانی ئێران دەسرێژی گولە دەکەنە سەر ئەو کۆڵبەرانە و لە کەش و هەوایەکی پڕناخۆش و سەهوڵبەندان دا برینداریان دەکەن. ناوی ئەو کۆڵبەرانە بە شێوەی خوارەوەیە: «ئیسماعیل ئەفشار، کوڕی ئیبراهیم»، «حاسڵ کوڕی تەها»، جەعفەر کوڕی ڕەحمان ، “مامە ئاتەشبەرگ، کوڕی هەمزە” و “بێهنام محەمەدڕەش، کوڕی شۆڕش”، ڕاگەیاندووە. دەگوترێ ئیسماعیل ئەفشار، تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵانە.

ڕۆژی ۲٥ی بەفرانباری ساڵی ۹٥ی هەتاوی لە دوای ڕاوەدوونانی هێزەکانی ئینتزامی گەنجێک به‌ ناوی ئازاد فەیزی کوڕی تۆفێق خەڵکی گوندی “سپورە “ لە هەڵدێرەوە بەردەبێتەوە و گیانی لەدەست ئەدات.
شەوی دووشەممە ۲ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ هەتاوی لە نیزیکی گوندی بسام سەر بە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۲٥ کەس لە کۆڵبەران دەکەونە بۆسییەی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دەڤەرەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٤ ئەسپی کۆڵبەران دەکەنە ئامانج و چەند کەسێک لە کۆڵبەرانیش بریندار دەکەن و هەر وەها کۆڵبەران ناچار بە هەڵهاتن دەبن و بار و ماڵی کۆلبەرانیش لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بە سەردا دەگیرێت.

۲۷ی بەفرانبار کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد  خەڵکی شاری شاهۆ و گوندەکانی دەورو بەری بە مەبەستی جێبەجێکردنی کۆڵەکانیان لە بەرزاییەکانی نەسوود ـ تەوێڵە (نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەکەونە بۆسەی هێزەسەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. وەهبی یوسفی خەڵکی شاهۆ لە سەختێکەوە هەڵدەدێرێت و دەست و شانی بریندار دەبێت و خەڵکی دەگەێینە نەخۆشخانەی پاوە. کە بە هۆی قوڵی برینەکەیەوە هەناردەی نەخۆشخانەی کرماشان دەکرێت ولە وێشەوە بەپەلەی دەنێردرێت بۆ تاران. بە گوتەی پزشکانی نەخۆشخانە دۆخی جەستەیی ئەم کۆڵبەرە لە بارێکی زۆرئاڵۆزدا نییە بەڵام چارەنوسیشی نادیارە.

ڕۆژی شەمە ۹ی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی لە ناوچەی بێورانی سەردەشت، کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد دەکەونەبەر خێزەرەی ڕنوە بەفر.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە کاتی ئاودیوبوونی ببۆ هەرێمەکانی سەر بە باشووری کوردستان، بەهۆی بارینی بەفرێکی قورسەوە و گرتنی ڕێگە هەموارەکان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە، ۱٦ کەس لەو کۆڵبەرانە دەکەونە ژێر خێزەرەی ڕنوەبەفر کە چوار کەسیان گیانیان لە دەست دەدەن و ۱۲ کەسی تریش هەناردەی نەخۆشخانە دەکرێن.
هەڵمەتی ڕزگار کردن و بەهاناچوونی ئەو کۆڵبەرانە کە تا نیوەشەوی خایاند و بە هەوڵ و هیمەتی خەڵکانی شارەزای ناوچەکە بەڕێوە چوو بەڵام لە ئەنجامدا چوار کەس بە ناوەکانی:
۱ـــ شێرزاد عەبدوڵاهی ۲۷ ساڵان، خەڵکی سەردەشت
۲ــ عەلی موحەممەد نژاد ۱٨ ساڵان ـ سەردەشت
۳ــ هیوا ئیبراهیمی نیا ۲۲ ساڵان ــ بانە
٤ــ موحەمەد حەمزەیی ۲۱ ساڵان ـ مهاباد
هەر لەو ڕووداوە دا ۱۲ کەسیش بریندار بوون بەم ناوانەی خوارەوە کە چەند کەسێکیان بارودۆخییان ناجێگیرە.
۱ــ جەعفەر ئەحمەدیان، سەردەشت
۲ ــ غەریب عەلیزادە، سەردەشت
۳ ـ ئاریا شێخەپور، ۱۷ ساڵان سەردەشت
٤ـ ڕزگار عەلیزادە، بیواران سردشت ۲۳ ساڵان
٥ ـ قاسم مەحمود خدر ۳۱ ساڵان، سەردەشت
٦ـ هێدی زاهری ۲٤ ساڵان، سەدەشت
هێشتا ناوی ئەو شەش کەسەی تر پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دووشەممە ڕێکەوتی ۱۱ی ڕێبەندانی ئەمساڵ سێ کۆڵبەری کورد لە دەڤەری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کەوتنە بەر شەپۆلی هەرەسی بەفر، کە پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر لە ڕووداوەکە بە هەوڵی و بەشداری شاخەوانانی «نەغەدە» و «شنۆ» کۆڵبەران دۆزرانەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی خۆمەینی شاری پیرانشار کران.

کە بەداخەوە یەک لە کۆلبەران بە ناوی ئۆمید خزریان‌ئازەر، تەمەن ۱۹ ساڵ خەڵکی شاری “شنۆ” بە هۆی قوڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدەدات.
ژینگەپارێزی و تەندرستی:

ڕاپۆرتی پیوەندی دار بە ژینگە و تەندروستی لە م مانگەدا:
۳۳بەنداو لە پارێزگای سنە لەحاڵەتی بنیات نان وگەڵاڵە بۆداڕشتنە ولەساڵیشدا سێ میلیارد وسێسەد ملوێن مەتری سێجا لەبەنداوەکانی پارێزگای سنە هەمار دەکرێن وپشکی هاوڵاتیانی پارێزگای سنە لەم ڕێژەیە تەنیا ئاودێرکردنی دووهەزار وحەوتسەد هێکتارە، لە ڕاستیدا بەو واتایەیە کە لە ۳۳بەنداو لەپارێزگای سنە تەنیا ۸لەسەدی ئاوەکان لەم پارێزگایە کەڵک لێوەردەگیردرێ وپاشماوەکەی دەگوازرێتەوە بۆ پێنج پارێزگای ناکوردستانی لەناوەندی جوگرافیای سیاسی ئێران.
کۆمەڵێک لەهاوڵاتیانی بۆکانی  لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوە و واژۆی نامەیەک بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم شارەدا خوازیاری داخرانی دەکەڵەکانی پاڕازیت بوون.

كه‌م ئاوی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای سنه، کەم‌بوونی ئاو و ویشکەساڵی لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئاوی پارێزگای سنە بۆ دابین کردنی ئاوی پێنج پارێزگای دیکە ئێران لە دەرەوی پارێزگای سنە کەڵکی لێوەردەگریت و لە بڕی ۳ ملیارد و ۳۰۰ ملیوین مەتری سێجا (مکعب) ئاوی پاشەکەوت لە پشتی بەنداوەکانی پارێزگای سنەدا، تەنها ۲۷۰۰هەکتار لە بڕی ئاوە بە مەبەستی ئاودانی کشتوکاڵی ئەم پارێزگایە کەڵکی لێوەردەگیریەت بە واتایەکی دیکە لە ئاوی ۳۳ بەنداو تەنها ۸٪ ئاوەکانیان لە ناوخۆی ئەم پارێزگایەدا بەکاردەهێنریەن. ئەم لە کاتێکدایە کە بە هۆی سازکردنی ئەم ۳۳ بەنداوەی زیانی جیددی بە ژینگەی پارێزگای سنە گەیشتوە و نیزیک ۳۰ هەزار هەکتار لە دارستانەکان و زەویە کشتوکاڵی ئەم پارێزگایە لە ژێر ئاودا نۆقم بوون.

هەنووکە پترلە ۱۵۵۹ کەس لەپارێزگای سنە تووبووی شێرپەنجەن. بپێی ئاماری جێگری بێهداشتی زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان، هەزارو ۵۵۹ کەس لەپارێزگای سنە تووشی جۆرەکانی شێرپەنجەن.

بەشێکی زۆری دارستانەکانی سەراوقەنبەری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڕاونەوە و ژینگەی ئەو ناوچەیە تێکدراوە. وەکوو خەڵکی ئەو ناوچەیە باسی دەکەن، کۆمەڵێک خەڵک کە نەزانراوە سەر بەکام دەسگایی حوکمین، دەسیان داوەتە بڕینەوەی ئەو دارستانە.

مەترسی لە سەر تەندروستی هاووڵاتیانی شاری سەقز بە هۆی ئاوی خوارنەوە ساز بوە. ئاوی خواردنەوەی شاری سە‌قز سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ پاڵاوتەکردن و تێپەڕکردنی پڕۆسەی خاوێنکردنەوی ئاوی خواردنەوە دەگەیەتە ماڵی شارۆمەندان.
بەشەکانی دیکەی پێشێل کاری مافی مرۆڤ

ژنان، منداڵان، خۆکوژی، خزمه‌تگوزاری و
ڕەزا خزری بەرپرسی پەروەردە وفێرکاری شاری بانە کوتی: لەئەمساڵدا لەشاری بانە ۳۵ قوتابی خولی سەرەتایی دەستیان لەخوێندن هەڵگرتووە و ۱۶ لەسەدی هاوڵاتیانی بانەیی نەخوێندەوارن.

پێنج شەممە ۱۰ی بەفرانبار ژنێکی ۲٥ ساڵان لە دەڤەری مێرگەوڕی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە نەخۆشخانەی ورمێ لە ژێر چاوودێری پزیشکیدایە تا ئێستا هەواڵێک لە دۆخی تەندرستی ئەم ژنە وەدەست نەکەوتوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕوانسەر لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەڕێوەبەرانی کەمپەینی ناـ بۆـ ئێعدام ی کوت: کەمافی بەڕێوە بردنی ئەم کەمپەینەیان نییە وهەروەها هۆشداری پێدان کەلەئەگەری بەڕێوە بردنی ئەم گردبوونەوەیە هەموویان دەسبەسەر دەکات.

ژنێکی خەڵکی شاری شنۆ کە دایکی دو منداڵە خۆی هەڵاوەسیوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەو ژنە کە ۳٤ ساڵیەتی و ناوی سومەییە ئایە و دایکی دو مناڵە، دەستی داوە بە خۆکوژی.

۲٨ی بەفرانبار کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی بروجرد لە بەرانبە زانکۆی بروجردا دەستیان دایە مانگرتن. خوێندکاران بە هەڵگرتنی چەند دروشمێک  بە هەڵاواردنەکانی حکومی و جیاوازی دانانەکان کە بە سەر خوێندکاراندا دەیسەپێنن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک درێژەی هەبوو کە لەگەڵ کاردانەوەی بەرپرسانی زانکۆ بەرەوڕوو بونە و بڵاوەیان پێکردن.

هاوڵاتیانی کەنار نشین وپەڕاوێزکەوتە لەپارێزگای ورمێ ڕوولەزیاد بوونە کەلەم پێوەندییەدا وبەپێی  داتاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پترلە ۱۵ لەسەدی هاوڵاتیان ئەم پارێزگایە لەکەنارەکانی شارەکاندا دەژین.

روژی سێشەمه ۲۸ی به فرانبار کچێکی تەمەن چوارده ساڵە به ناوی (س.الف) که مارە کراو بوو و قەرار بوو ئەو حەوتویە زه ماوه‌ند بکات، له گوندی ئالیاوای سه ربه ناوچه ی کەڵاته‌رزانی سنه به تەقەی تاپڕ کۆتایی به ژیانی خۆی هێنا.

بنەماڵەی سەربازێکی بەهایی لە شاری میاندواو  بە ناوی مەحییەدین زهنی کە لە شەڕی ئێران و عێراقدا لە جەبهەی پیراشاردا لە ساڵی ۱۳٦٥دا گیانی لەدەست دابوو، وەک  شەهید لە بونیادی شەهیدا ناوی نەنوسراوە. بونیادی شەهیدی میاندواو لە وڵامی داخوازی دایکی مەحییەدین دا بۆ ناو نوسینی کوڕەکەی وەک شەهید داوای کردبوو گوتویانە بە هۆی هەڵواسرانی ناوی مەحییەدینەوە بەبۆنەی ئەوەی خۆی و بنەماڵەکەی لە باوەڕمەندانی تاقمی ئاینی تاریک پەرەستی بەهایین و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ و کاری  بونیادەوە، ئەگەری دورستکردنی دۆسییە بۆ زێهنی و کەسانی وەک ئەو بوونی نییەوە نە وەک گیانبەخت کردوە نەوەک گیانلەسەر دەست ناویان نانوسرێت.

ئارینا تەمەن ۱۷ ساڵ خەڵکی شاری قوروە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بەخواردنی دەرمان کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی هەینی ۳ی ڕێبەندان گەنجێکی ۳٤ ساڵان خەڵکی سنە بە ناوی (ج. خ) بە پەتی سێدارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شەشی ڕێبەندانی ۱۳۹٥ی هەتاوی خوێندکارێکی کورد لە ڕەوانسەر خوێ کوشتوە. سەرچاوەێیکی ئاگادار لەو بوارەدا بە کۆمەڵەی ماف مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندوە کە ئەم خوێندکارە ڕەوانسەرییە لە لە ماڵەکەی خوێیدا لە گەڕەکی ساڵحاوای شاری ڕەوانسەر دەستی داوەتە خۆکوژی و بنەماڵەکەشی نایانەوێت ناوی خۆیان و کوڕەکەیان بزڕێت، هەربۆیە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان