بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، ئەمڕۆ ۲۱ی بەفرانبار سێ بەندکراوی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ جێبەجێ کردنی سزای سێدارە گوازراونەوە بۆ ژووری تاکە کەسی بە مەبەستی لە سێدارەدانیان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ناسر سۆڵتانی خەڵکی میاندوواو ، محەمەدڕەسوڵ هەشتیانی خەڵکی ورمێ ،و ژنێک لە بەندی ژنانی کە ناسنامەی ڕوون نەبوەتەوە ، هەر سێ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتن(قتل) لە زیندانی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کران.
هەر وەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە پاش کۆتایی هاتن بە پشوی سێ ڕۆژەی ئیدارە دەوڵەتیەکان ئەم سزانە جێبەجێ دەکرێن.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە ئەم ساڵی هەتاویدا بە پێی ڕاپۆرتگەلی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، لانیکەم ۱۲۰ شارۆمەندی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوگەلی و تۆمەتگەلی جیاواز لە سێدارە دراون.
گواستنەوە و جێبەجێ کردنی سزای سێدارە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتگەلی جیاواز و یەکلەدووای یەکی یەکێتی ئۆروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان لە لێدوانگەلی جیاوازدا باس لە قەیرانی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکەن و ڕایانگەیاندوە کە بە هیچ جۆرێک سزایەکی ئێعدام پەسند ناکەن و دژی دەوەستنەوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان