لە سێدارەدانی شارۆمەندێکی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

زیندانیەکی کورد لە بەندیخانەی ڕەشت بە پەتی سێدارە هەڵواسرا.

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە حەوتوی ڕابردوودا زیندانێکی کورد بە ناوی محەمەد زبەردەست خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی «لاکان»ی ڕەشت لە سێدارە درا.

کوتراوە: محەمەد زبەردەست خەڵکی گوندی «عەلی‌ئاوا»‌ی بۆکان هاوڕێ لە گەڵ باوکی بۆ دابین کردنی ژیانی ڕۆژانە لە قوتابخانەی کوڕانەی «سەعدی» لە شاری ڕەشت خزمەتکار و بە ئیشی پاک و خاوێنکردنەوەی ئەم قوتابخانە سەرقاڵ بوون. ناوبراو لە ساڵی ۱۳۹۰ بە تۆمەتی هەڵگرتنی مادەهۆشبەرەکان دەستبەسەر و ماوەیەک پاش دەستبەسەری لە لایەن دادگای شۆرشی ڕەشت بە لە سێدارەدان سزا درا.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە ئەمساڵی هەتاویدا بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لانی‌کەم ۱۲۰ شارۆمەندی کورد بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.

بە‌ڕێوەبردن و لە سێدارەدانی تۆمەتبارانی مادەهۆشبەراکان لە ئێران‌دا لە کاتێکدایە کە هەر یەک لە یەکێتی ئۆروپا و نەتەوەیەک گرتوەکان لە لێدوانگەلی جیاجیادا باس لە دۆخی مەترسیداری مافی مرۆڤ لە ئێران‌ دەکەن و ڕایانگەیاندوە کە لە هەر حاڵێکدا دژی سزای ئێعدام و لەسێدارەدانن.

بەم هۆیەوە پاڕڵمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی ڕابردوودا سڕینەوەی سزای سێدارەی بۆ تۆمەتبارانی مادە‌هۆشبەرەکان پەسەند کرد. بە هەمان شێوە نوێنەرانی پاڕڵمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی گشتی سیستەمی قەزاری ئێران داخوازی ڕاگرتنی جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی ٥۰۰۰ زیندانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بوون تا پاش ڕوون بوونەوەی و بڕیاری پاڕڵمان لە مەڕ ئەم پرسە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان