چەرخی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی ئەمجارە لە سەرپێڵ زەهاو

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە ۱۹ی بەفرانبار دوو زیندانی کورد بە ناوەکانی سەجاد زرینە خەڵکی ئیلام و ڕۆحوڵا کشتمەند لە هاووڵاتیانی سەرپێڵ زەهاو لە دەوروبەر پردی ئینقلابی ئەو شارە لە بەرچاوی خەڵکدا لە دار دران .

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکات  ۲۱ی گەلاوێژی ساڵی پار لە شاری سەرپێڵ زەهاو هەوڵی بڕینی دوکانێکی زێڕ فرۆشییان دابوو کە لە کاتی هەڵهاتندا  لەگەڵ یەکێک لە ڕێدارانی هێزی ئینتزامی بەناوی موحەمەد ئەحمەدی تێکهەڵدەچن و دەیکوژن .

ڕێدارانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای سە ڕۆژ دوو گەنج و ژنێک لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر دەکەن و ڕەوتی پێڕاگەیشتن بەو دۆسییە زۆر زووتر و بەبێئەوەی سەرەی بۆ دابنێن  کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە .دواتر ئەم دۆسییەیان هەناردەی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری زەهاو کرد و  هەرسێکەسەکەیان بە تۆمەتی کوشتنی ڕێداری حکومەتی بە دژەخودا ناساند و سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاندن.

بە پێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە حەوتوی ڕابردوودا لانیکەم 16 هاووڵاتی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای ئێعدامییان لە سەر جێبەجێکراوە کە 4کەسیان هاووڵاتی و دانیشتوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان