ک.م.م.ک:
لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، ناسنامەی سێ هاوڵاتی کە لە کاتی گردبوونەوەکاندا و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران گیانیان لەدەستدابوو، لە شارەکانی کرماشان و شاباد ئاشکرا کرا.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری٢٧٢٥ی کوردی، “ئیسماعیل عەباسی پائیمامی”، هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی کرماشان، دوای ئەوەی بە فیشەکی ساچمەیی کرایە ئامانج، بەسەختی بریندار بوو و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو شارە، گیانی لەدەستدا.
لە بەردەوامییدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، “عەبدولڕەزا (مەهدی) قەڵخانی”، هاوڵاتییەکی تری تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی کرماشان، لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان کوژرا.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا و لە شاری شاباد، گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە ناوی “فەردین فوولادی”، لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستدا.
ق.ش


