ئاشکرابوونی ناونیشانی شەش هاوڵاتیی کوردی گیانبەختکردوو لە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی

ک.م.م.ک:

ناونیشانی شەش هاوڵاتیی کورد کە لە پێوەندی لەگەڵ سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی و لە شارەکانی ڕەشت، تاران و کرماشان، کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران و گیانیان لە دەستداوە، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، «محەممەدرەزا مەنسووری»، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵ و لە کوردانی دانیشتووی ڕەشت، کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک بەسەختی بریندار ببوو، پاش تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە ژێر ئازاری برینە قووڵەکانیدا، لە یەکێک لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو شارەدا گیانی لەدەست دا.

هەروەها هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لە کاتی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە تاران، «ئەمیر سادقی» تەمەن ٣٣ ساڵ، «ئەیوب شاکر» تەمەن ٢٧ ساڵ و «مورتەزا پاکزاد» تەمەن ٢٢ ساڵ، کە هەر سێ هاوڵاتیی خەڵکی بجنوورد بوون، لەگەڵ «عەلی مەنووچێهر ئابادی»، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەست دا.
لە درێژەی سەرکوتە بەربڵاوەکاندا و لە هەمان ڕێکەوت، «ئەمیرحوسێن سەفەری گوڵدەستە»، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی کرماشان، بە زەبری فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران گیانی لەدەست دا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *