بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: پێنج شەممە ۱۰ی بەفرانبار ژنێکی ۲٥ ساڵان لە دەڤەری مێرگەوڕی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە نەخۆشخانەی ورمێ لە ژێر چاوودێری پزیشکیدایە، تا ئێستا هەواڵێک لە دۆخی تەندرستی ئەم ژنە وەدەست نەکەوتوە.
خۆ سووتاندنی ژنان بوە بە دیاردەیەکی مەترسیداری کۆمەڵایەتی و لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم دیاردەیەدا ئامارێکی ڕاست و ئاشکرا لە خۆ سووتاندن و خۆکوژی لە بەر دەستا نیە و زۆربەی بنەماڵەکان هەوڵی شاردنەوە و داپۆشانی ئەم ڕاستییەی کۆمەڵگا دەدەن، بەڵام ڕێژەی ئەم دیاردەیە لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە سێ بەرابەری ئامارگەلی ووڵات بەراوەرد دەکریت و ئەم ڕێژەیە ڕوو لە زیاد بوونە.
دەتوانین لە هۆکارگەلی سەرەکی خۆکوژی ئاماژە بکەین بە نەخۆشیگەلێک وەک خەمۆکی، ئیسکیزۆفڕنی، تووش بوون بە مادە سڕکەرەکان و… بەڵام خۆسووتاندنی ژنان بە باوەڕی زۆربەی کارناسانی کۆمەڵایەتی ئەم شێوە کردەوەیە دژایەتی ژنان لە هەمبەر یاسە و کەلتوری نێرسالاری پیشان دەدات؛ و هۆکاری ئەم ناڕەزایەتیە دەگێڕنەوە بۆ جێاوازی جنسی لە نێوان ژن و پیاودا، بۆ نموونە بەشوودانی زۆرەملی، ناچارکردنی کچانی کەم تەمەن بۆ هاووسەرگیری لە گەڵ پیاوانی بە تەمەن، نەبوونی مافی جیابوونەوە بۆ ژنان (طلاق)، ئازار و ڵێدانی ژنان لە لایەن پیاوان لە بنەماڵەکاندا، نەبوونی پشتوانەی ئابووری بۆ ژنان و ئیزن پێ نەدان بۆ ئیش کردن. بە باوەڕی کارناسانی کۆمەڵایەتی بێکاری، هەژاری و دۆخی لاوازی ئابووری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر ڕێژەی خۆکوژی.
بە پێی ئامارگەلی تۆمار کراو نێزیک ۷۰٪ نەخۆشیگەلی، نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ چارەسەری پزیشکی بە هۆی سووتان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون ڕێژەی زۆریان ژنانە. خۆسووتاندنی ژنانی هاواری دژایەتی ژنان لە هەمبەر یاساکانی دەوڵەتی کە لە سەر بنەمای دژایەتی و کۆیلەکردنی ژن دامەزراوە و توندوتیژی کۆمەڵگا و هەبوونی جیاوازی نێوان ژن و پیاوە؛ و ئەم شێوازە ناڕەزای دەڕبڕینە بە چەشنێک پەرەی سەندوە و کۆمەڵگای ژنانی گرتوەتەبەر و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زۆر بوونە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان