ک.م.م.ک:
لە ڕەوتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە ١٨ و هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لانی کەم حەوت هاوڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی جوگرافیای ئێراندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ناونیشانیان ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەنیس گریوانی و مورتەزا یەعقووبی (تەمەن ٤١ ساڵ)، کە هەردووکیان هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ئەسفەراین بوون، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. هەر لەو پێوەندییەدا، موجتەبا محەممەدزادە، گەنجێکی کوردی تەمەن ٢١ ساڵ و دانیشتووی شاری مەشهەد، یەکێکی دیکە بووە لە قوربانییانی ئەو ڕووداوانە.
هەروەها سێ هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی حەسەن سابیتقەیسوەندی، کامەران نادری (مامۆستای تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاباد) و ڕەزا نادری (تەمەن ٢٧ ساڵ)، بە تەقەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە. هاوکات، مەهدی ڕەحمەتی، هاوڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، وەک یەکێکی دیکە لە گیانبەختکردووانی ئەم خۆپێشاندانانە ناوی تۆمار کراوە.
ق.ش


