ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی دسامبر ۲٠۱٦ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی دسامبر ۲٠۱٦ بەرانبەر بە ۱۱ سه‌رماوه‌ز تا ۱۱ی به‌فرانباری ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان  بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان  چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.

هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.

لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە گەل کوردستان بە تایبەت لە رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

 

له‌سێداره‌دان

بەداخەوە لە مانگی دەربازبوودا ژماره‌یكی زۆر زیندانی کورد کە ناوەکانیان لە لایەن کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاشکرا کرابێت و ڕاگەیەندرابێت له‌ سێداره‌ دران.بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زۆر جار ناوی ئێعدامییەکان ناسراو بە سزای جۆراو جۆر لە لایە کاربەدەستانەوە ڕاناگەێندرێت و مێدیایی ناکرێت.

دووهاووڵاتی کورد لە زیندانی ناوەندی مهاباد ئێعدام کران، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە ڕەحیم محمدپور و مەهدی کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانەوە بە ئێعدام سزا درابوون لە سەرلەبەیانی ڕۆژی ۱۷ی خەزەڵوەردا لە لایەن هێزەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی سزاوە لە کۆماری ئیسلامیدا لە مهاباد ئێعدام کران.

۱۷ی خەزەڵوەری ئەمساڵ هاووڵاتی کورد بە ناوی حسین ـ خ ۳۰ ساڵ تەمەن خەڵکی شاری سنە لەزیندانی ناوەندی قەزوێندا لە دار درا.

لە بەرەبەیانی ۲٤ی خەزەڵوەردا شەش زیندانی سزادراو بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندی ورمێدا ئێعدام کران. کە بریتی بوون لە

کەرەم قولیزادە ــ ناسر حوسەینی ـ جەواد ئەسغەری ـ عارف ئیسماعیلیان ـ فەروخ عابدینی ـ محکوم خدری ــ

لە لایەن ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کران.

ئەیوب ئەسەدی لەدایک بوی ٨ی ڕەزبەری ۱۳۷۷ ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ۹٥ی هەتاوی کە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو لە دادگای سنەدا سزاکەی جێبەجێ کرا.

هاووڵاتیکی کورد خەڵکی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەناوی جەمشید تەهامی بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانی مهابادا ئێعدام کرا.

 

دەسبەسەر كردن و به‌ندیخانه‌

 

«دەستبەسەركردن، بانگهێشت و سزا دەرکردن ،دۆسییە سازدان و گوشار»

دوابەدوای بانگەوازی پێشووتر لەمەڕ پشتیوانی لەکۆڵبەران،شاری مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە میلیتاریزە کراوە.

ڕێخراوی لێبوردەیی نێو دەوڵەتی لەگەورەترین خەبات وچالاکی مافی مرۆڤیدا زەینەب جەلالیانی وەکوو زیندانی ساڵی لێبوردەیی نێونەتەوەیی هەڵبژاردووە.

یەکشەممە ۱٤ی سەرماوەزی ئەوساڵ،هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی شاری قوروە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەڵکوتانە سەر ماڵی دایکی ئەندازیار سابیر نادری،بەرپرسی کومپانیای (نرم افراز)پوویا لەشاری قوروە،دەسبەسەریان کرد.

حسین دانشمەند بە هۆی ئەشکەنجەی، ئەشکەنجەگەرانی ئێدارەی ئیتلاعەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە تووشی نەخۆشی خوێنهاتنی گەدە  بوە و ئیدارەی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئێزنی چارەسەری پزیشکی بۆ ناکات.

چوار شەممە ۱۰ی سەرماوەز لە چارەنوس و شوێنی ڕاگرتنی سالار سۆفی هیچ هەواڵ و زانیاریک وەدەست نەکەووتوە. یەک حەوتوویە سالار سۆفی لە لایەن دادگای ئاسایی (گشتی-عمومی) کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیواندەرە بانگهێشت و دوایی گراوە.

حەسەن ڕەستگاری مەجد بەندکراوی سیاسی کورد بەندکراوی له زیندانی ناوەندی ورمێ لەناڕەزایی دەربڕین بەرانبەربە سازدانی سێ دۆسیەی نوێ لەنێو بەندیخانەی وبڕینەوەی ۱۸ ساڵ زیندانی دەستی دایە مانگرتن لەخواردن.

لە لایەن کەسانی نەناسراو  ئاگر لە دوکانی بەڕێز شەریف باجوەر یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزی شاری مریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردراوە . شەریف باجوەر یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزی لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەو و لە شاری مەریوانچالاکی دەکات.

پاش نیوەڕۆی ۸ی سەرماوەز هێزە ئەمنیەکانی بەندیخانەی کرمان هێرش دەکەنە سەر ژووری ئەفسانە بایەزیدی و هاجەر پیری و دەستدەگرن بە سەر کەلوپەلی تایبەتی ئەم دوو چالاکە سیاسیە کوردەدا. هێزە ئەمنیەکان بە جنێو و سووکایەتی بە ئەم دوو چالاکە کوردە دەستدەکەنە پشکنینی ژوورەکەیان

۱۳ی سەرماوەز کاتژمێر ۱۱ بە هێرشێک بۆ سەر ماڵی ئاسۆ ڕۆستەمی چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار هەناردە کراوە.

هەژار مام عەزیزی خویندکارێکی کورد ۲٤ساڵان لە لایەن وەزارەتی ئێتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئیران لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەمە ۱٤ی سەرماوەز نزیک بە کاتژمێر ۹ۍ سەرلەبەیانی تەها حەمزەیی ۱۷ ساڵ تەمەن لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە .

دووشەممە ۱٥ سەرماوەز ئارام فەتحی لە شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنیەکان کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرا.

زانیار و لوقمان مورادی  زیندانی کراو خەڵکی شاری مەریوان ، کە لە ساڵی ۱۳٨٨ی هەتاوییەوە لە گرتوخانەکانی مەریوان و سنە نزیک بە دوو ساڵ  لە ژێر ئەشکەنجە دا بوون و لە یەکی سەرماوەزی ساڵی ۱۳٨۹ لە لقی ۱٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سێدارە سزادراون، ئەو دوو زیندانیە کوردە داوایی دادگایی دادپەروەرانە دەکەن.

چوارشەممە ۱۷ی سەرماوەز عەلی چوارتاق خەڵکی گوندی قزڵ لەشاری سەڵماس وسەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممۆ ۱۶ی سەرماوەز عەلی  ئەکبەر کەرەمی خەڵکی کەنگاوەر لەزیندانی ناوەندی سەڵماس وزیندانی دیزەڵ ئاوا ئێعدام کران.

دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسنە بەشەهلا وەکیلی کوت بەومەرجەی بابەتانە دیاریکراوەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل نەکات ڕزگاری دەبێت.

ئیمان شۆکری خەڵکی دێولان(دێگولان) کە بە تۆمەتی کوشتنی دەست ئەنقەز بە سێدارە سزا درابوو ، بە لێخۆش بوون و لێبردووی بنەماڵەی کوژراوەکە لە ڕۆژی ۱۳سەرماوەز لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

دوابەدوای ڕەوشتی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان لەبەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، و ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی ڕێخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەهەمبەر دۆخی ناجێگیری ناوبراو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کەمپینێکی بۆ زێنەب جەلالیان ڕاگەیاند.

لە شەوی ۱٦ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۹٤ هەتاویدا هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مهاباد دەڕژێن بەسەر ماڵە باوانی “شەلا موحەمەدیان”هاووڵاتی و دانیشتوی شاری مهاباد و بەبێ ئەوەی پاساوێکی یاسایی نیشان بدەن ناوبراو دەسبەسەری دەکەن.

هێمن قارەمانی لەمامۆستایانی زانکۆی ئازادی بۆکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستانبەهۆی چالاکییە هونەرییەکانی وەکوو دامەزراندنی کارگەی نەقاشی ووێنەکێشان لەعۆڵی زانکۆ لەسەرکارەکەی دەرکرا.

سەدان هەزارکەس بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان دەنگیان هەڵبڕی ، مخابن ئەو هێشتا لە زینداندایە

سامان کەریمی کوڕی عەباس چالاکی مەدەنی کورد، خەڵکی شاری مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێی نامەیەکەوە بانگهێشتی لقی ۱۰۱ی دادگای مەریوان کرا.

فەرزاد پوورمورادی ڕۆژنامەوان وچالاکی سیاسی ڕۆژی سێشەممۆ حەوتی بەفرانبار لەدادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکرماشان بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژبە دەسەڵات وهەوڵدان بۆتێکدانی ئاسایشی ناوخۆ ودەرەکی محاکمە دەکرێ.

دانا لەنجاوایی خوێندکا کارناسی لە لقی  (ئابوری و کشت وکاڵ زانکۆی پەیام نور لە شاری مەریوان ، لە دوای تەواوکردنی خولی سزا ۲۰ مانگانەکەی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەشکراوە .

هەڕەشەی وەدەرنان ومحاکمەی بەشێک لە مامۆستایانی کلتووری زانکۆی ڕازی لەلایەن نوێنەری وەلی فەقیەوە

۲۵ی سەرماوەزی ئەوساڵ زیندانییەکی کورد بەناوی “بێهزاد سەلیمی کورد” کوڕی عوسمان لەزیندانی ناوەندی بەندەر عەباس ئێعدام کرا. ئەم زیندانییە کوردە تەمەنی ۳۹ساڵە وخەڵکی شاری نەغەدەیە.

بە هۆی تێکچونی باری تەندروستی حەسەن ڕەستگاری لە دوای مانگرتنەکەی پزشکی زیندان   سەردانی ژوری تاکەکەسیەکەی کردوە و پشکنینی بۆ کردوە و ڕایگەیاندوە دۆخی جەستەیی ئەم زیندانییە لە دوای ۱٥ ڕۆژ مانگرتن تێک چوە و ڕوو لە خراپتر بوونە.

۲۳ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی ئارام فەتحی چالاکی مەدەنی کورد لەئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش ۸ڕۆژ دەسبەسەری گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی مەریوان.

ڕۆژی شەممۆ ۲۰ی سەرماوەز هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگوندی کانی گوڵ(چشمە گل)لەدەڤەری شاری شنۆ  چوارهاوڵاتی کوردیان دەسبەسەرکرد.

دووشەممە ۲۲ سەرماوەز بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی مەراغە لە سێدارە درا. بەندکراوی هەڵوواسراو ناسنامەی بەم شێوەییە؛ سلێمان کاکە ئەڵا نەژاد ۳۳ساڵان کوڕی هاشم خەڵکی سەقز کە ساڵی ۹۱هەتاوی دەستبەسەر کرابوو .

دووشەممە ٦ی بەفرانبار بنەماڵەی زانیار و لۆقمان مۆرادی بۆ چاووپێکەوتنی لە گەڵ ئەم دوو بەندکراوە سیاسیە سەردانی دادستانی تاران‌-یان کرد و لە لایەن نوێنەری دادستانەوە “حاجی مۆرادی” پێیان کوترا ؛ کە ئەو دوو بەندکراوە مافی دیتنی ماڵباتیان نیە.

سینما وانانی فەرانسی بە بڵاوو کردنەوەی لێدوانێک داخوازی ئازاد کردنی دەرهێنەری کورد ، کەیوان کەریمی بوون.

سێ شەممە ۷ی بەفرانبار هاوڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە سەربە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بەناوی خالید جەوهەری کوڕی نامیق بەتۆمەتی مادە هۆشبەرەکان لەبەندیخانەی ناوەندی بەندەرعەباس ئێعدام کرا.

فوئاد یوسفی زیندانی بیرووباوەڕی کورد بەنکراو لەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کەلەساڵی ۱۳۸۹ی هەتاوییەوە دەسبەسەرکراوە وبۆماوە ۸ساڵ زیندانی بۆ بڕدرایەتەوە لەدۆخێکی نەگونجاوی جەستەیی ،ڕۆحی ودەروونیدایە،

سابیر نادری لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا لە شاری قوروە دەستبەسەر کرا و هەناردەی شوێنێکی نادیار کرا وە.بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە ئیستاش لە چارنوسی ڕۆڵەکەیان هەواڵێکیان نییەو بەدواداچونەکانیشیان بێ ئاکام بوە .

پاش دەستبەسەری دووبارەی بەندکراوی سیاسی کورد ئاسۆ ڕۆستەمی و دوور خستنەوەی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شار، هەڕەشە و ئەشکەنجە لە هەمبەر ئەم بەندکراوە سیاسیە کوردە کە تووشی نەخۆشیگەلی جۆراووجۆرە ، تەنگە نەفەسی ، نەخۆشی سی و…. بەردەوامە .

بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج /هاندانی زیندانیانی ئاسایی بۆلێدان و بێڕێزی کردنمبە زیندانی سیاسی کورد بێهنام ئیبراهیمزادە

دووشەممە ٦ی بە فرانبار ساڵی ۱۳۹٥ هەتاوی کەماڵ حەسەن ڕەمەزان ، زیندانی سیاسی کورد لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بانگێشت دەکرێت و پێ ڕادەگەیەنن کە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ناوەندێکی ئەمنی دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ۵ ی بەفرانباری ۲۰۱٦ دوو برای زیندانی بەناوەکانی فەرامەرز و مەجید بی غەم تاوانبار بەچەندد جار دزی کردن، گوازرانەوە بۆ شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکانی زیندانی ورمێ وحوکمی بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاست بۆهەردوو براکە جێبەجێ کرا.

لاوێن کەریمی بەندکراوی سیاسی کورد لە هەمبەر دژایەتی بەرپرسانی قەزایی بۆ پێدانی پشوو(مەرەخەسی) و نەهێشتنی چارەسەری پزیشکی لە ڕۆژی چوار شەممە ۱ی بەفرانبار مانی لە خواردن گرت.

بەندکراوێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۲ی بەفرانباری ۱۳۹٥ لە چوارڕێگانی (چهار راە مقاومت) بەرخۆدان لە پێش چاوی خەڵک لە سێدارە درا.

بیست ڕۆژ مانگرتن لەخواردن/نالەباربوونی دۆخی تەندرووستی وجەستەیی زیندانی سیاسی کورد حەسەن ڕەستگاری مەجد

سەعید شیرزاد زیندانی سیاسی کورد لەدوای بیست ویەک ڕۆژ مانگرتن لە خواردن توشی بێ تینی و ئێش و ئازاری زۆری ورگ و گەدە بوە و تاوەکو ئێستا ڕەزامەند نەبوە هەناردەی خەستەخانەی ناو زیندانی گەوهەردەشت بکرێت و تائێستاش هیچ هەوڵێک بۆ لە بەرچاوگرتنی داواکانی نیە.

کرێکاری، کۆڵبەر،مین

 

۱۸ی سەرماوەز کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئەیوب سەروەری خەڵکی گوندی “هەرمیان” سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکان بوو بە قوربانی .

۱٤ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە شارستانی قەسر شیرین بوە هۆی بریندار بونی  هاووڵاتییک .

ڕێبازقادری کۆڵبەری ۲۲ساڵ تەمەن خەڵکی ناوچەی ئالانی سەردەشت کەوتە بەر هێرش ودەسڕێژی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وبەگرانی بریندار بوو.

دووشەممە ۱٥ی سەرماوەز ۷ ئێستری کۆڵبەران لە نێزیک گوندی “گەناو” لە سنوری فەرمی “بسام” لە نێوان ڕێگای مەریوان – سەقز لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژران.

سێ شەممە ۱٦‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌ سەرماوەز شۆفر تەکسیەکانی مەریوان لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا دژ بە دۆخی ئیش و کاری خۆیان لە مەیدانی (گۆڕەپان) شەوڕەنگی مەریوان کۆبوونەوەیان ساز کرد.

شەممە ۱۳ی سەرماوەز ۲۰۱٦ کرێکاری گەنجی کورد (ئازاد محەممەدی) لەشارۆچکەی «گوڵان» بەهۆی کەوتنە خوارە بەهۆی نەبوونی کەرەستە و پێداویستی پاراستنی شوێنی کار کرێکاری ۱۸ ساڵ تەمەنی کورد گیانی لەدەست دا.

ناوەندی پیشەیی، چاندن وپیشەی مەهاباد نۆڕۆژی ڕەبەقە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە وەرنەگرتنی تەواوی مووچە و تایبەتمەندییەکانی، سەنەوات وکێشەکانی تەئمین،لەبەردەرکی ئەم ناوەندە پیشەییە کۆبوونەتەوە.

سەدکەس لە کرێکارانی دەستبەکار لە بەنداوی سەمیرە لە پارێزگای ئیلام ۱۱مانگە موچەیان وەرنەگرتوە.

۱۷ی سەرماوەز کرێکارێکی ۵۰ساڵ تەمەن لەشارۆچکە بەهارانی شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرانبەر ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی ئەوشاڕە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

ڕۆژی هەینی ۱۹ی سەرماوەز هێزەئێنتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گولەو لەو نێوەدا مەجید دادخاە یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لە دەست دەدات.

نزیک به‌ حه‌وت مانگه‌ که  په‌رستاره‌کانی به‌شی “بێهزیستی” و نه‌خۆشخانه‌ی کرماشان، به‌شێک له‌ حه‌قده‌سته‌که‌یان که‌ به‌ “کارانه‌” ناسراوه‌، وه‌رنه‌گرتووه‌.

کۆبوونەوەی ناڕەزایی کرێکاران و پەیمانکاران بەنداوی” میمە” لە پێش قایم مقامیەتی دێلۆڕان.

سێ شەممە۳۰ی سەرماوەز ،کۆڵبەرێکی ٤٥ساڵانی کورد خەڵکی بەشی ناوەندی شاری بانە بە ناوی بەهادین عەزیزپوور بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەوروبەری گوندی “سەبەتووڵوو” لە ڕێگای نێوان سەقز- بانە گیانی لەدەست دا.

بەشێکی زۆر لە کرێکارانی “کشت و سەنعەتی مهاباد”لەو سەرماو سۆڵەدا ڕۆژی چوارشەمە یەکی بەفرانبار لە بەردەم درگای هاتووچۆی ئەو ناوەندەدا درێژەی هەبوە .

ئەکرەم ڕەمەزانی بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرواری ۲۷ی سەرماوەز بریندار کرابوو ، سێ شەممە ۳۰ی سەرماوەز لەنەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی لەدەست دا.

هاوڵاتیانی ناوچەی شێخ سلە بەگشتی هەموویان بێکارن. دۆخی بازاڕچەی سنووری شێخ سلە بەگشتی وەکوو داخراوی لێ هاتووە.بێ تەدبیری بەرپرسانی حکوومی و ناڕێخراوەیی بوونی ترێلی وگەڵابەی بارکێش لەناوچەکە بووە بەهۆی داخرانی ئەم بازارە.

یەک شەممە-۲۷ی سەرماوەز ئەکرەم ڕەمەزانی کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی “ئەزگەلە” سەر بە سەلاسی باوەجانی دەدرێتە بەر دستڕێژی گولەی هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە گرانی بریندار دەبێت و هەواڵەکە باس لە دۆخی نالەباری نابراو دەکەن.

کرێکارێکی کورد لەکاتی جێبەجێ کردنی کار لەبینایەکی نیوەناتەواو لەشاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەبینا گیانی لەدەست دا.

چوارشەممە ۲٤ی سەرماوەز کۆڵبەرێکی کورد بەناوی سەرداری بابەکرئاغا  لەناوچەی ئالانی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەگرانی بریندار بوو دواتر گیانی لەدەست دەدات

بە پێی ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بێکاری ژنانی گەنج ۱٥ بۆ۲٤ ساڵ لە پارێزگاگەلی ئیلام، کرماشان و سنە زیاتر لە ٤۷/۳٪ . پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلام خراپترین باری دەرفەتی کاریان هەیە.

مقاولی کارگەی «ئازغ»ی مهاباد لە ڕێکەوتی ٤ۍ بەفرانباری ئەمساڵدا هەستاوە بەدەرکردنی گشت کرێکارانی ئەو کارگەیە. لە کارگەی بەردبڕی «ئازغ» دا کە لە ساڵانی ڕابردوودا نزیک بە ٨۰ کرێکار سەرقاڵی کارکردن بوون و تێکۆشانیان هەبوو،

کرێکارانی چاندن و پیشەی مهاباد ۲۸ ڕۆژە کە لە بەرابەری درگای ئەم کارخانەدا ڕەشماڵیان هەڵداوە و درێژە بە ناڕەزایی خۆیان دەدەن.

چوارشەممە ۸ی بەفرانبار کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەی سەیمەرە  ، دژ بە پێنەدانی مووچە و مافی خۆیان لە ماوەی ۱۳ مانگی ڕابردوودا ، لە بەرابەری کۆمپانییای پەرەپێدان و سەرچاوکەگەلی ئاوی ئێران (شرکت‌ توسعە و منابع اب ایران ) لە پارێزگای ئێلام ناڕەزاییان دەربڕی.

ئوزجان خودایی شانزە ساڵان کوران”کوڕی حاتەم،  نیوەشەوی شەوی ڕابردوو ۲ی بەفرانبار ۱۳۹٥ لە لایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ناوچەی ماکۆ کوژراوە.

مین

شەممە ۲۰ ی سەرماوەز بە هۆی تەقینەوەی مینی دژە تانک(دەبابە) لە گوندی چەم هندی “دێ لۆڕان” سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شارۆمەندێکی کورد بە ناووی “قاسم شاعفە” ۲٥ ساڵان شۆفیری تەراکتۆر گیانی لەدەست دا.

یەکی بەفرانبار  خوداداد محەممەدی کوڕی حاتەم تەمەن٤۰ساڵ خەڵکی گوندی قەڵاواری سەرپێڵ زەهاو لەکاتی لەوەەری مەر  بەهۆی تەقینەوەی مین لەناوچەی سومار لەقەسری شیرین گیانی لەدەست دا.

خزمەت گووزاریە گشتیەکان

 

بەرپرسی ناوەندی زانست وتەکنیک(فن آوری) پارێزگای سنە ڕێژەی بێکاری ئەم پارێزگایەی بە۱۱٫۶ وڕێژەی دامەزراوی خەڵکی ئەو پارێزگایەی بە۸۸٫٤ ناوزەد کرد.

قوتابیانی قوتابخانەی “موگویی”لە شاری دوروودی پارێزگای لوڕستان بە چەترە و لە سەر وانەکانیان و کلاسی دەرس ئامادە دەبن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئیدارەی گشتی کەلتوور وئیرشادی ئیسلامی، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کەلەپارێزگای سنه هیچ چەشنە مۆڵەتنامەیەک بۆ دەرچوون وبڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە دەرنەچووە ولەکردەوەدا سنه تەنیا پارێزگای بێ ڕۆژنامەی ئێرانە.

پێچەوانەی بانگەشەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵی گرانی و تەوەڕۆمدا، هیچ ئاڵووگۆڕێک لە بەرز بوونەوەی نرخی کەلوپەلدا بە دی ناکرێت و خەڵکی ئاسایی گرانی و بەرز بوونەوەی نرخی کەلوپەل بە ڕوونی هەست دەکەن و تووشی ڤەیران بوون.

٦ ی بەفرانبار قوتابخانەی «سەرابلە قازانچی» سەر بە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگری گرت.

شاری سەرپێڵ زەهاو لە هەر چەشنە خزمەتگوزارێیک  لە لایەن شارەوانی و ناوەندەکانی تر کە بەرپرسن  لە پێڕاگەیشتن بە شارەوە بێبەش کراوە  و شار بوتە وێرانەێیک.

 

ژینگە

 

لەگەڵ ڕاگواستنی چەو ولم لەکەنارەکانی ڕووباری زاپ لەتەنیشت گوندی “بلاو”سەربەشاری سەردەشت لەناوەڕاستەکانی خەزەڵوەری ئەوساڵ تەرمی کەسێکی نەناسیاو دۆزرایەوە.

لە ۱۶۰هەزار مەتری سێجا لەئاوی سیروان تەنیا ۲۹هەزاری دەگوازرێتەوە بۆ دەشتاییە وشک هەڵگەڕاوەکانی کرماشان، پاشماوەکەی واتە ۱۲۱هەزار مەتری دەگوازرێتەوە بۆ دەشتاییەکانی باشووری ئێران.

لەدرێژەی ئاگر تێبەردانی دەستەنقەس لە قامیشەڵانی دەوروبەری گۆلاوی زرێباری مەریوان ، ژیانی ئەم گۆلاوەی پتر لە هەموو کاتێک تووشی مەترسی لە ناوچوون کردوە و کێشەی بۆ  ئێکۆسیستەم و بوونەوەرانی ئەم گۆلاوە هێناوەتە ئاراوە.

لە ناوچەی چواری شارەوانی و ناوچەی دڵگوشای شاری کرماشان کەسانێک دەستیان داوەتە کوشتنی سەگە وێڵەکان.

 

خۆکووژی

 

ژنێک بەناوی «نگین بیدخام» کچی سەلام لەگوندی «فەرەجی ئاوا»ی شاری کامێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکەوتی ۶ی سەرماوەز دەستی دایە خۆکوژی و خۆی سووتاند وپاش دە رۆژ گیانی لە دەست دا.

چوارشەمە دەی سەرماوزی ۹٥ ی هەتاوی گەنجێکی تەمەن ۲۰ ساڵ بە ناوی (م . م )بە هۆی ڕوو شکێنی و لەبار بردنی هەست لە لایەن سیستمی فێرکاری خوێدنگاکانەوە ،  لە قاتی ژێرێینی ماڵەکەیاندا خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە .

۱۰ی سەرماوەز شارۆمەندێکی خەڵکی ورمێ لە ناووچەی “شێخ تەپە” لە ئاپاتمانێکی دە قات(تەبەقە) خۆی دەخاتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانیخۆیی دێنێت.

ژنێکی ٤۸ ساڵ تەمەن خەڵکی شاری سەردەشت بەخۆفڕێدانە نێو چاڵاوی ئاو دەستی دایە خۆکوشتن وکۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

سوکایەتی وبێ ڕێزی وبچووک نواندنی فەرماندەران بووبە هۆی خۆکوژی حیکمەت سەفەری

گەنجێکی سەقزی بە ناو خەبات قەیسەری ۳۰ ساڵان ،کوڕی یەحیا کە ماوەیەک پێش بە هۆی کێشەی خێزانەوە و جیابوونەوە لە هاووژینەکەی  لە دووکانی هاووژینەکەیدا لە گەڕەکی سەرقەبرانی سەقز ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و پاش چارەسەر نەبوونی  بە هۆیی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

چوارشەمە ڕێکەوتی ٨ۍ بەفرانباری ۱۳۹٥ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سەقز کچێکی ۱۹ساڵان بە ناوی (س ، م)دانیشتوی گەڕەکی ساڵحاوا خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە .

پێنج شەممە ۹ی بەفرانباری ۲۰۱٦   کەسێک بەناوی “عەباس.ع” لەگوندێکی بچووک لە ۲۰کیلۆمەتری دێولان بەناوی (بەکراوا)کۆتایی بە گیانی خۆیی هێناوە.

سێشەممە ڕێکەوتی ۷ی بەفرانبار کچێکی گەنجی ۱۸ساڵ تەمەن لەگوندی پولیەی سەربە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی”س.ر” بەهۆی هەژاری ونەداری وهەروەها کێشەی بنەماڵەوە دەستی دایە خۆکوژی وگیانی لەدەست دا.

کچێکی ۲۲ساڵ تەمەن لەگوندی میرعەبدولی سەربە باینگانی شاری پاوە لەسەرەتای ڕۆژی ۲۹ی سەرماوەز کوژراوە ،وهۆکاری کوژرانەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بنەماڵە.

لە روداوێکی دڵتەزیندا  لە دەڤەری بارزان کچێک بەناوی (پ . ن . ع ) لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٤  ئاگری تێبەرئەدرێت وتاوانباری سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

۵بەفرانباری ۱۳۹۵ی هەتاوی ژنێکی گەنجی ۱۸ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی ”سەراو سوورە”ی سەر بە دێولان دەستی دایە خۆکوشتن وگیانی لەدەست دا.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان