لەسێدارەدانی سێ بەندکراو لە کرماشان و بروجێرد؛ جێبەجێکردنی سزاکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی


ک.م.م.ک:

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی یاسر عەبدولی و یاوەر حاسڵی لە زیندانی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران کە بە دیزل ئاباد ناسراوە لە کرماشان جێبەجێ کرا. چەند ڕۆژ پێشتر و ٢٨ی گەڵاڕێزان، حوکمی لەسێدارەدانی حەمیدرەزا پیرهادی، زیندانییەکی تەمەن ٣٧ ساڵ کە بە تاوانی کوشتن سزا دراوە، لە بۆروجێرد بەڕێوەچوو.
خێزان ناوبراوان و سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم حاڵەتانەیان پشتڕاست کردووەتەوە؛ بەڵام تا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی زیندان یان دامەزراوە دادوەرییەکانەوە نەدراوە.

ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK ئاماژە بەوە دەکەن کە یاسر عەبدولی و یاوەر حاسڵی کە هەردووکیان خەڵکی کرماشانن، پێشتر بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. لەسێدارەدانیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە زیندانی دیزل ئاوا ڕووی داوە.

لە دۆسیەیەکی جیادا، حەمید ڕەزا پیرهادی، کە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتن لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە( گەڵاڕێزان) لە زیندانی بۆروجێرد هەڵواسرا. پێش دەستبەسەرکردنی خاوەنی فرۆشگەی شێرەی ئاو و کەلوپەلە پەیوەندی دارەکان بووە.

ڕانەگەیاندنی بەفەرمی ئەم لەسێدارەدانانە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی زیاتر کردووە سەبارەت بە نەبوونی شەفافیەت و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پرۆسەی دادگاییکردن و پێشێلکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافی ژیان و دادگاییکردنی دادپەروەرانە. ناڕوونی لەئاستی ئەم دۆسیانە جارێکی دیکە پرسیار لەبارەی پابەندبوونی دەسەڵاتی قەزایی بە کەمترین پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەوروژێنێت.
E.Sh

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *