ک.م.م.ک:
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی گەڵاڕێزانی ساڵی ٢٧٢٥، ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی بازان سەر بە ناوچەی جوانڕۆ، بەهۆی تەقینەوەی مین کە لە شەڕی ئێران و عێراقەوە بەجێماوە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە، لەدەستدانی جوومگەی پێی ڕاستی بوو. ڕووداوەکە لە یەکێک لە ڕێگاکانی هاتوچۆی کۆڵبەری لە نزیک نەوسود ڕوویداوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، دوای تەقینەوەکە، عەبدوڵاهی سەرەتا بۆ ناوەندە پزیشکییە ناوخۆییەکان گواسترایەوە و دواتر بۆ چارەسەری زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراوە.
ئەو مینانەی کە لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بەجێماون، بەردەوامن لە مەترسی دروست کردن لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی زاگرۆس، بەتایبەتی لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە کۆڵبەران بۆ دابینکردنی بژێو ناچارن بەڕێبکەون.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم ١٢ هاووڵاتی لە کاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانەیان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر باشووری کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین یان تەقەی هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە کوژراون یان بریندار بوون.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ چەندین جار هۆشدارییان داوە لە بەردەوامی دانانی مین لەو ناوچانە و بێباکی حکومەت لە پاککردنەوەی تەواوەتی زەوییە پیسبووەکان، ئەم دۆخەشیان بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانی نیشتەجێی ئەو ناوچە جوگرافییە زانیوە.
E.Sh


