۸۵٪ی لە کۆی ئاوی ڕوباری سیروان تاڵان دەکرێ

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مروڤی کوردستان، لە ۱۶۰هەزار مەتری سێجا لەئاوی سیروان تەنیا ۲۹هەزاری دەگوازرێتەوە بۆ دەشتاییە وشک هەڵگەڕاوەکانی کرماشان،

پاشماوەکەی واتە ۱۲۱هەزار مەتری دەگوازرێتەوە بۆ دەشتاییەکانی باشووری ئێران وەکوو دەشتی عەباس بۆ ئاودێرکردنی کومپانیا کشتووکاڵییەکان کە لەکۆنتڕۆڵی دەوڵەت وکەسە پلەدارەکانیدایە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کەلەسەرەتای چێ کردنی ئەم بەنداوەوە بڕیار وابوو کەدەشتی ڕوانسەر بە ۳۵۰۰۰هێکتار، کوزران بە ٤٤۰۰۰هێکتار، ماییەشت بە ٤٦۰۰۰هێکتار و چقانێرگز بە ۲۵۰۰۰هێکتار زەوینی بەپیت وبەرەکەت وبەتوانا ئاودێری بکرێت وئاوەکانی سیروان بۆ گەشەی کشتووکاڵی ئەم ناوچانە کەڵک لێوەربگیردرێ.

بەپێی گەڵاڵە سەرەتاییەکان گواستنەوەی ئاوی سیروان بۆ ئەو دەشتاییانەی باسی لێکرا دەیتوانی کاریگەری ئەرێنی بۆهەرێم وژینگەو وئابووری ئەم ناوچانە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک ببینێ.

دەسپێکی پلان داڕشتن وگەڵاڵەکردنی ڕووباری سیروان لەساڵی ۱۳۱۸وە بوو،لەساڵی ۱۳۷٤کۆتایی پێ هات.ئامانجی سەرەکی گلدانەوەی ڕووباری سیروان بێجگە لە دابین کردنی کارەبای ناوچەکە،گواستنەوەی ئاو بۆ دەشتاییە پڕپیتەکانی ڕوانسەر وکوزرانی سەنجابی وماییەشت بوو، بەڵام لەئاراستەی سیاسەتە قیزەون وکۆلۆنیاگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وهەرچی پتر بەتاڵان بردنی ئەم خاکە،ئاوەکانی ڕووباری سیروان ئاراستەی باشوور ودەشتی عەباسی خوزستانی گرتەبەر،کەبۆخۆی خاوەنی سەرچاوە وکانگای ئاوێکی زۆرە ولەڕاستینەدا پێویستی بەئاوی سیروان نییە.

بەپشتبەستن بەڕای یەکێک لەکارناسانی ژینگە وکشتووکاڵی کرماشان کەنەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ کوتی:کە ئەگەر ئاوەکانی سیروان بگوازرایەتەوە بۆ دەشتاییەکانی کرماشان،جگە لەکاریگەری ئەرێنی لەڕوانگەی ژینگە پارێزی ،گۆڕانێکی باڵای لەبواری کشتووکاڵ وباخداری ناوچەکە وپارێزگاکەدا درووست دەکرد،بەچەشنێکە دەتوانی بە جەسارەتەوە بڵێی کە کرماشان دەبوو بەیەکێک لە جەمسەرە گرنگەکانی کشتووکاڵی.بەڵام بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن وکۆلۆنیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بەئاوەدان کردنەوەی پارێزگای کرماشان وڕۆژهەڵاتی کوردستان پشکی پارێزگای کرماشان لەم سامانە بەرچاوە تەنیا ۲۹۰۰۰هێکتارە کەلەم بڕە ۹۰۰۰هێکتاری لە لەلێرەوارو دەشتاییەکانی خێڵی سەنجابی لەناوبەری قەسری شیرین تا دەگاتە نەفت شار کەڵکی لێوەردەگیردرێ.

جێگەی باسە سازکردنی بەنداوی سیروان بووە بەهۆی لەناوچوونی کانی بڵ،تەنیا ژینگەی پڵینگی کوردستان وهەروەها ژێرئاو کەوتنی چەنددین گوند بۆوێنە گوندی ژیوار،بلبر وسلن ی گرتەوە هەروەها ئیکۆسیستەمی هەورامان لە ژینگەیەکی بەئاو و هەوای چوار وەرز بوو بەناوچەیەکی تەڕەشوو وشێدار کەخەساری گران وقەرەبوونەکراوەی گەیاندۆتە ژینگەی ئەم ناوچەیە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان