مردنی کرێکارێکی کورد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کرێکارێکی کورد لەکاتی جێبەجێ کردنی کار لەبینایەکی نیوەناتەواو لەشاری سەقز لەڕۆژهەڵاتی کوردستان،بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەبینا گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەوڕۆ شەممۆ ۲٦ی سەرماوەزی ۱۳۹۵ی هەتاوی ،کرێکارێکی کورد بەناوی” حەمید ئیلاهی” کاتی  لەحیم کاری (جۆشکاری)لەبینایەکی نیوەکارە هەڵکەوتە لەگەڕەکی قەوخی شاری سەقز بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەبەرزایی گیانی لەدەست دا.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی باری گرانی ئابووری ودۆخی نەگونجاوی کار،پاراستن کەمترلە بەرچاو گیردراوە.ئەمە لەحاڵەتێکدایە کەلەبەرچاوگرتنی بنەمای پاراستن لەکارو چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە وبیناسازی، پیشەیی و… دەتوانێ پێش بەڕوودانی کارەساتگەلی نەگونجاو بگرێت یان لانیکەم خەساری بەدیهاتوو لە ڕووداوگەلی چاوەڕوان نەکراو کەم بکاتەوە.

کەڵک وەرنەگرتن لەکەرەستە وپێویستییەکانی پاراستنی لەلایەن کرێکارانەوە بووە بەهۆی ئەوەی کە خاوەنکارەکان وپەیمانکار وپاشان بەرپرسان،کاتی کەوتنەوەی کارەسات،کرێکاران بە تاوانبار بزانن وهەموو کێشەو تاوانەکە بخەنە ئەستۆی ئەوان ،کەچی تاوانباری هەرەگەورەتر، بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ نەپارێزراوی وئەمن نەبوونی شوێنی کار ولەگەڵ ئەمەیشدا نەبوونی پرۆگرامێکی ڕێک وپێک وتۆکمە ودیاریکراو بۆ ڕیکلامی بنەڕەتی پاراستنی وپەرەپێدانی کلتووری لەبەرچاوگرتنی دەگەڕێتەوە.

نەبوونی فێرکاری پێویست بەکرێکاران هەروەها نەبوونی کەرەستەی پێویست وتەواوی پاراستنی لەشوێنی کار، لەو بابەتانەیە کەتابەئێستە دەسپێشخەری وهەوڵێکی جیددی وکارای بۆ سڕینەوە ونەمانی ئەم کەم وکوڕییانە لەلایەن بەرپرسانی پێوەندی دارەوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆنەدراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان