بڕانەوەی سزای نادادپەروەرانە بۆ گیراوێکی سیاسی

بەپێی هەاڵێک کە بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، لە شەوی ۱٦ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳۹٤ هەتاویدا هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مهاباد دەڕژێن بەسەر ماڵە باوانی “شەلا موحەمەدیان”هاووڵاتی و دانیشتوی شاری مهاباد و بەبێ ئەوەی پاساوێکی یاسایی نیشان بدەن ناوبراو بە پاڵەپەستوو و بەبێڕێزی کردن بە باوکی پیری هەناردەی شوێنەنادیارەکانی دەکەن .

شەهلا موحەمەدیان ٦۷ ڕۆژ لە ژورەتاکە کەسیەکانی ئیتلاعاتدا دەهێڵنەوە لە دوای ئازار و ئەشکەنجەێیکی زۆر لە دووایین ڕۆژەکانی پاییز واتا ۲٨ی سەرماوەز لە لقی یەکی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی هاریکاری و پەیوەندی بە حیزبەنەیارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە بە چوار ساڵ زیندان سزا دەدرێت و ماوەی ۱۰مانگیشە هەناردەی شار تەورێز کراوە بۆ تێپەڕکردنی سزا بەسەرسەپاوەکەیدا.

هەرچەن شەهلا موحەمەدیان لە هەبونی پارێزەر بێبەش بوە بەڵام یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕایگەیاندوە، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە ئەستۆی شەهلا بێبنەمان و هەموی ڕەد دەکەنەوە و سەپاندنی سزای چوار ساڵ بۆ تۆمەتێکی ئاوا بێبنەما دوورە لە دادپەروەریی ، چونکە  ئەشکەنجەێیکی زۆر دراوە و تەنانەت شان و قۆڵی لەجێ براواوە و توانای جوڵاندنیانی نەماوە ئەمەش ئەوڕاستییە دەنوێنێت کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بەدانپێدادانێک کردبێت کە هەرگیز ئەنجامی نادابێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان