سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و تواندنەوەی باوەڕدارانی ئایینی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، لە گوندێکی سەر بە شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دانیشتوانی باوەڕمەندی ئایینی یارسانن ،بە پێچەوانەی داخوازی و خواستەکانی خەڵکی ئەم گوندە مزگەوتێک لەم گوندەدا ساز کراوە .

لە هەواڵەکەدا هاتوە کە ئەم مزگەوتە لە گوندی “کەڵ کەش” سەر بە گەورە دێی “حەیدەریە” ،لە بەشی “گەواور”، سەر بە گێڵان غەربی کرماشان کە دانیشتوانی ئەم گوندە و دڤەرە، لە مێژوودا باوەڕداری ئایینی یارسان بوون  ژیان بە سەر دەبەن.

سەرچاووەکانی یارسان دەڵێن ؛کە دانیشتووانی گوندی حەیدەریە لەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر نیگەران و بە پەرۆشن. خەڵکانی گوندەکە دەڵێن ” ئایینی یارسان ، ئایینێکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندیەکی بە ئیسلامەوە نیە. و ئەم مزگەوتە ژیان و ئاسایشی ئێمەی تووشی کێشە کردوە”.

لە درێژەدا دەڵێن، کە دانیشتوانی گوندی “کەڵ کەش ” باوەڕداری ئایینی یارسانن و تەنانەت یەک مۆسڵمان لەم گوندەدا ژیان ناکات. لەم مزگەوتەوە ڕۆژی پێنج جار بە دەنگی بەرز بانگ دەدرێت. کە سەر لە بەیانیەوە ئاسایشی ئێمە تێکدەدات. کە تەنانەت یەک کەسیش نۆێژ ناخوێنێت و سەردانی مزگەوت ناکات . بە ساز کردنی ئەم مزگەوتە زانای ئیسلامی و ئاخوند و کەسانێکی دیاریکراو بۆ پڕوپاگەندە و پەرە پێدانی ئیسلام نێریاون بۆ ناووچەکە. کە هەمو ڕۆژێک دەچنە بەر درگای ماڵەکان و بە زۆر و گوشار خستنە سەر دانیشتوانی گوندکە باوەڕدارانی یارسان ناچار دەکەن کە لە ڕێوڕەسمە ئیسلامیەکاندا بەشداری بکەن و بە زۆر دەیان بەنە مزگەوت.ژیانی ئارامی ئێمە تا ڕادەیەک تاڵ کراوە کە هەندێک لە بنەماڵەکان لە ڕووی ناچاریەوە دەیانهەوێت کۆچ و گوندەکە بەجێبهێڵن.

چالاکانی مەدەنی ئەم دەڤەر لە سەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتێکی تایبەت ، بەرفراوان و درێژخایەنی بۆ ئاسمیلە و تواندنەوەی کوردانی یارسان بەڕێوە دەبات .

پیشتریش هەواڵگەلێک لە مەڕ ساز کردنی حۆسەینیە لەم ناووچەدا بە دەستی هەوالنێران گەیشتووە.هەواڵگەلێک لە مەڕ ساز کردنی مزگەوت لە گوندی “جەیحوون ئاوا” لە شاری “سەحنە”ی کرماشان  ڕاگەیاندراوە. گوندی “جەیحوون ئاوا” گوندێکە کە  دانیشتوانی باوەڕداری ئایینی یارسانن.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین کەس خەڵکی ئەم گوندە لە لایەن سپای پاسدارانەوە کوژراون و زۆر یەک لە بنەماڵەکان لە ڕووی ناچاریەوە کۆچیان کردوە . لە ئێستادا باوەڕدارانی یارسان لە گوندی “جەیحوون ئاوا” لە ژێر زەخت و گۆشاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دان. و بە زۆر ناچار دەکرین بەشداری ڕێوڕەسمەکانی ئیسلام ببن بۆ نمونە بە زۆر بەشداری ماتم و لە خۆدان (سینەزنی) دەکرێن .

جێگای وەبیرهێنانەوەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران  هێرش دەکەنە سەر جەمخانەی یارسانیەکانی لە شاری شائابادی غەرب لە کرماشان و بەشێکی ئەم جەمخانە وێران دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان