تەها ڕەسووڵیان بۆ جێبەجێکردنی سزای سەپێندراو ڕەوانەی زیندان کرا

ک.م.م.ک:

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی٢٧٢٤، تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەندی خەڵکی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی زیندان، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئێران لە نەغەدە ڕاگوێزرا. ناوبراو لە شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر و لە دوو دۆسیەی جیادا، سزای حەوت ساڵ و دە مانگ-سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران مەهابادەوە بە کۆی گشتی ٧ ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بە تۆمەتی وەک ئەندامێتی حیزبی دێموکرات و هەوڵی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی مەحکووم کرابوو کە ماوەی ٣ ساڵ و ٧ مانگ لەم حوکمه جێبەجێ دەکرێ.

تەها ڕەسووڵیان لە مانگی گوڵانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای دووی تاوانەکانی ئێران له پیرانشار، بە تۆمەتی تێکدانی ئاشتی و ئارامی گشتی بە سێ مانگ زیندان و ٤٠ قامچی سزا درا.

ئەم هونەرمەنده، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢، لە پیرانشار دەستبەسەر و پاشان بۆ زیندانی ئێران لە نەغەدە گوازرایەوە. لە کۆتاییدا لە دووی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *