پەرەپێدانی کلتوری توند و تیژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەێیکە کڕین و فرۆشتنی «داردەست ـ کوتەک» لەو شارەدا بوە بە باو و فرۆشیاری لە شاردا دەسوڕێتەوە و دەیفرۆشێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم دیاردەیە بە پەرە پێدانی توند و تیژی نانەوەی شەڕ و هەڵا لە ناو هاووڵاتیاندا کە لە لایەن تاقمێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت دەنرخێنێت، بۆ لەبار بردنی ئەو بزوتنەوە مەدەنی و سەردەمیانە گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بە تایبەت لە شاری مەریوان شاری پێشەنگ لە بزوتنەوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتدا.

گەلێک کە خۆی بەو بڕوایە گەیشتوە خۆی هەڵدەستێت بۆ پاراستنی ژینگەکەی و چاندنی سەدان نمام لە ساڵدا و هەڵمەتی شکاندنی تاپڕ و سوتاندنی قەفەسی کەوەکانی بەڕێوە بردوە، ئیتر کڕین و فرۆشتنی تێڵاو و داردەست جگە لە هەبوونی دەستێکی ناپاک بۆ چەند بەرەکی نانەوە و هەڵایسانی کلتوری زەبروزەنگ و لەبار بردنی ڕۆحی برایەتی و هاووڵاتی بوون، دەتوانێ چ واتاێکی تری هەبێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بەدزێو زانینی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە کلتورە داواکارە لە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکان و گەنجانی وڵات بەرانبەر بە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بوەستنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان