دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەنن

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا داوای “ئاگربەستی دەستبەجێ” لە هەردوو لایەنی شەڕی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات و ڕاشی دەگەیەنێت کە ئامادەن یارمەتی بدەن بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا فرێدریکا مۆگێرینی، لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا، داوای کرد “دەستبەجێ” ئاگر بەست لەنێوان دوو لایەنی شەڕ لە باکووری کوردستان ڕابگەیەنرێت.

ـ ئێمە داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە باشووری ڕۆژهەڵات [باکووری کوردستان] و بە توندیش هەموو جۆرێکی تیرۆریزم مەحکووم دەکەین؛ مۆگێرینی ئەمڕۆ [دووشەممە ٢٥ ژانوویە] لە پرێس کۆنفڕانسەکەیدا لە ئەنقەرە وای گوت.

یوهاننێس هاهن، قۆمیسەری بەرپرسیار لە بەرفراوانکردنی یەکێتیی ئەورووپاش ئاماژەئی بەوە دا کێشە و ئاڵۆزییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمەکە دادەنێن و ئامادەیی یەکێتییەکەشی بۆ یارمەتیدانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند.

ناوبراو گوتی “ئێمە بە دڵەوە ئامادەین یارمەتیی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان بدەین. ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرینگە، چونکە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمەکە و، لە ئاستێکی بەرینتریشدا، لەسەر یەکێتیی ئەورووپا هەیە.”

دوای زیاتر لە دوو ساڵ ئاگربەست و دواتریش دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی، هاوینی ڕابردوو پڕۆسەکە کۆتایی پێهات و لەو کاتەشەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی پێکردۆتەوە.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێک دایە کە وەزیری بەرپرسیار لە کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێداندا، هەرچەشنە ئاگربەستێکی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی درێژە دەدات بە، ئەوەی ئەو بە “بەربەرەکانی لەگەڵ تیرۆر” بەناوی کرد.

ڤۆڵکان بۆزکیر لە پرێس کۆنفڕانسە هاوبەشەکەدا گوتی “وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەرەوەری، تورکیا درێژە دەدات بە بەربەرەکانی لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە پارتی کرێکارانی کوردستانیشەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکات”.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس، ناوبراو گوتیشی “ئێمە ئەم کارە دەکەین بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیانمان بپارێزین.”

کاربەدەستانی تورکیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، چەند شار و شارۆچکەی باکووری کوردستانیان گومارۆ داوە کە “خۆبەڕێوەبەری”یان ڕاگەیاندووە. لە ئەنجامی ئابڵۆقەی ئەو ناوچانە و شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە دەوڵەتییەکان و میلیتانەکانی “بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز”، دەیان هاووڵاتیی سیڤیل گیانیان لە دەستداوە.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، هێزە سەربازییەکانی تورکیا بە بەکارهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر تاوانبار و داوا دەکەن ئابڵۆقەی شارەکان کۆتایی پێ بهێنرێ.

ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، لە ڕاپۆرتێکی حەوتووی ڕابردووی خۆیدا دەستنیشانی کردبوو کە تورکیا، لە میانەی ئەو ئابڵۆقەدا کە لەسەر شار و شارۆچکە کوردییەکانی داناوە، “توندوتیژیی لە رادەبەدەر” بەکار دێنێت و “بەکۆمەڵ” شارۆمەندانی ئەو ناوچانە سزا دەدات.

ئەمنێستی پشت بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە هەرێمییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەبەستێت و ڕایدەگەیەنێت کە لە مانگی ئۆگوستی ڕابردووەوە تا کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم ١٦٢ هاووڵاتیی سیڤیل کوژراون کە ٢٩ کەسیان ژن، ٣٢ کەسیان منداڵ و ٢٤ کەسیان هاووڵاتیانی بەساڵاچووی سەرووی ٦٠ ساڵ بوون.

حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان و لەسەرووی ئەویشەوە سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەر لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو کە “لە تورکیا کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد بوونی نییە، ئێمە کێشەی تیرۆرمان هەیە”.

ئەمنێستی لە ڕاپۆرتەکەیدا داوا لە کاربەدەستانی تورکیا دەکات “کۆتایی بە ئابڵۆقەدانی شارەکان بێنێت”.

هاوکات هەژمارێکی زۆر لە ئەکادیمیسیەن و توێژە ڕۆشنبیر و فەرهەنگییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانیش، لە کەمپەینێکدا کە بە دروشمی “ئێمە نابینە بەشێک لەم تاوانە” دەستیان پێکردووە، داوا دەکەن دەوڵەت کۆتایی بە “کوشتاری هاووڵاتیانی سیڤیل” بێنێت و پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم هەوڵەی بە “خیانەت بە نیشتیمان” وەسف کردووە و ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی ئەو کەمپەینە، لەگەڵ لێپرسینەوەی یاسایی ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

٭لە وێبسایتی ئێن ئێن سی رۆژ گیراوا٭