۱٤هەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنی تامەر یڵماز لە زیندانی کورواسی

‏ک.م.م.ک:

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی هەواڵی KMMK گەشتووه، تامەر یڵماز، پەنابەری کوردی تەمەن ٤٢ ساڵ، خەڵکی باکووری کوردستان، بە هۆی پێ‌ڕانەگەیشتنی حکوومەتی کورواسی بە سەر باروودۆخی ناوبراو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی فێبرییۆری ٢٠٢٤، بەرامبەر ١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی، ڕۆشتە ناو ١٤هەمین ڕۆژی مانگرتنی خواردن لە بەندیخانەیەکی کورواسی و گیانی له مەترسیدایه.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ٢٦ی جانییۆری ٢٠٢٤، لە سەفەرێکیدا، لە دەروازەی فڕۆکەخانەی زاگرێبی پایتەختی کورواسی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانێکی ئەمنی گواسترایەوە و ئاگادار کرایەوە کە بەپێی داواکاری حکومەتی تورکیا لە پۆلیسی ئینتەرپۆل، دەبێ دیپۆرت بکرێتەوە بۆ تورکیا.

جێی ئاماژەیه، تامەر یڵماز پەنابەرێکی سیاسییە لە فەڕانسا، که بەهۆی تۆمارکردنی دۆسیەیەک دژی ناوبراو لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، خەریکە دیپۆرت دەکرێتەوە بۆ ئەم وڵاتە. لە ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی ئەم هاووڵاتییه بۆ تورکیا، هیچ گەرەنتییەک بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نامێنێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بە ئاماژەدان بە مافی هاووڵاتیبوون و ئازادی بیروڕا و ئازادی قسەکردن، کە بە ئاشکرا لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێکراوە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی دیپلۆماسی خۆی، هەوڵ‌دەدات کەیسی ئەم هاووڵاتییه کورده لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بخاتە بەر تاوتوێ کردن و بەرگری بکات له پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیبوون و ئازادی کۆمەڵایەتی ناوبراو. هەروەها بە مەبەستی ڕێگری کردن لە پێشێلکردنی کەرامەت و ئازادیی چالاکوانێکی سیاسی کورد، ئەم دۆسیە دەبرێتە ژێر لێکۆلینەوەی دادگا نێودەوڵەتییەکان. بۆیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا دەکەین بە هەڵبڕینی دەنگی خۆیان لە مەڕ ئەم دۆسیە، پێش بە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی مافی هاووڵاتیانی کوردی باکووری کوردستان، لەلایەن حکومەتی تورکیاوه، بگرین.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *