جینایەت و کارەساتی کلتووری لەمەهاباد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان قەوارە و ڕووداوە کلتوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و بێچمێکی سەیرتری لە خۆگرتووە تا بەر لە ئێستە گەر شەڕ وململانێکان لە سەر ئێکڕان یا نوەره‌نە گرتنی بەرهەمێکی هونەری، پێنەدانی مۆڵەت بە نمایشی شانۆی سەرشەقام، پێنەدانی مۆڵەتی بەچاپ گەیاندنی کتێبی کوردی، بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی کۆنسێرت یان مێهرەجانی کوردی لە هەندێ لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسگەلێکی لەم چەشنە لە ئارادابوو، بەڵام هەنووکە ڕووداوێکی دیکە سەری هەڵداوە و بووە بە هۆی دڵگرانی و پەرۆشی هەرەزەری هۆگرانی کلتوور و هونەری ئەم ووڵاتە.

لە ساڵانی ڕابردوودا شکاندنی کێلی مەزاری شاعیران، نووسەران یان هونەرمەندانی نەتەوەیی کوردستان، لە لایەن دەست و پێوەندییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەنددین جار هاتوەتە ئاراوە، بەڵام گۆڕینی کێلی گۆڕی هونەرمەندان لە مەهاباد، قەیرانێکی هەرە گەورەیە بۆگەلی کورد وهۆگرانی ئەم بلیمەتانی کورد کە ناوبانگی جیهانییان هەیە.

مەهاباد هەرلە مێژەوە گرنگترین سەرچاوە وناوەندی شاعیران وهونەرمەندان بووە کە ئاسەواری هەربەنرخ لەم هونەرمەندانە بەجێ ماوە، هەرلەم ڕووەوە پاراستن و ڕێزدانان بۆ ئەم میراتە مەزنە کە بە سامانی مانەوی دەژمێردرێن وتێگەیشتن لە بایەخیشی وتەزایەکی بان ڕەگەزییە.

هەرچەنە خەمساردی یان بایەخ پێ نەدانێک دەتوانێ خەساری قەرەبوو لێنەکراوە لێ بکەوێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەم پێوەندییەدا لە هەمبەر تێکشان وقەڵاچۆ کردنی ئەم سامانە کلتووری و بێ هاوتایە لە ماوەی ساڵانەی تەمەنی خۆیدا، چی لەدەست هاتبێ کردوویەتی.

هەنووکەیش بە بیانووی گۆڕانکاری لە گڵکۆی شاعیرانی مەهاباد، بە بێ ئاگادارکردنەوەی کەسانی پێوەندیدار وئیزن لێ وەرگرتنیان، یان داواکاری لە وەستایان وپسپۆڕانی هەڵکەوتووی کورد، لە مەر هاوکاری ونواندن وپێشنیاری شێوازێکی گونجاو لە ئاستی کەسایەتی ئەم ناودارانە، بە شێوازێکی لە پێشدا گەڵاڵە بۆکراو ڕواڵەتی مانەوی گڵکۆی شاعیرانی بەچەشنێکی ناکارناسانە و بە دڵخوازی خۆی گۆڕیون.

هەنگاوی دواتر، ساڵانێکی دورو درێژە شێعر وهۆنراوە نەتەوەییە هەڵکەندراوەکانی سەر گڵکۆی ئەم هونەرمەندانە:

کیژوکوڕ بگرن لەدەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک/من کە شینگێڕی شەهیدانم لەکوێ شینم دەوێ.

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە/بانگی ئازادی وگڕووی یەکسانییە.

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە/ئەوگەلەی حاشادەکەن لێی وهەشە.

بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم/بەکوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم/بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە/

لەودنیاش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە

و…

بۆحکوومەت دڵەڕاوکێی زۆری پێک هێناوە وهەربەو چەشنەی لەو وێنانەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون دەردەکەوێ بەم تێکشکاندنە بەخواستی خۆیان گەیشتوون، ڕاپۆڕتەکان باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی حکوومی کەئەم گۆڕانە نامرۆیی وبێ هزریەیان بەئەنجام گەیاندووە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کەلە باشترین وناوازەترین بەردەکانیان لەبۆ مانەوەی درێژ خایەنتر کەڵک وەرگرتووە، بەڵام بەوشێوازەی لە وێنەکاندا دەردەکەوێ هێشتا مانگێکی بەسەردا تێنەپەڕیوە بەردەکان شەقاریان تێکەوتووە ودەردەکەوێ کە خراپترین بەردیان دەکار کردووە.

ڕەنگە بەراوەردکردنی ئەم پڕۆژەیە لە بواری ماڵییەوە بڕێکی زۆرلەسەرەوە نەبێت بەڵام تێچووی مانەوی وئەو نرخەی کە خەڵکانی ئەم نیشتمانە دەبێ بیدەن لە هەژمار نەهاتووە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان