دەستبەسەری و نادیاری چارەنوسی شارۆمەندێکی کورد

لە حەوتوی ڕابردوودا شارۆمەندێکی کورد، خەڵکی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.

بە پێی هەواڵی، هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان، لە حەوتوی ڕابردودا سۆران ڕەشیدی چالاکی سیاسی کورد خەڵکی مەریوان، لە کاتی گەڕانەوە لە باشوری کوردستان بۆ ڕۆژهەڵات لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ دەستبەسەر دەکرێت و تا ئێستاش چارەنوسی نادیارە و هیچ هەواڵێکی نەزانریاوە.

بە پێی هەواڵەکە سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی سۆران ڕەشیدی بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام بەرپرسان دەڵێن کە هیچ زانیاریەکیان لە ناو براو نیە.

بە پێی بەڵگەکان و وتەکانی برای ئه‌م چالاكه‌ كورده‌ «سیروان ڕه‌شیدی»، سۆران لە کاتی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات لە ڕێگای مۆبایلەوە تا سنوری فەرمی باشماخ لە گەڵی پەیوەندی هەبوە و پاش ئەوە مۆبایلی ناوبراو دادەخرێت و تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نەزانراوە.

دەگوترێت؛ سۆران ڕەشیدی بۆ سەردانی بنەماڵەکەی کە لە باشوری کوردستانن، سەردانی باشوری کردوە.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە سۆران ڕەشیدی بۆ ماوەی ٤ساڵ لە نێوان ساڵی ۲۰۰۳ تا ۲۰۰۷ لە باشوری کوردستان خەریکی چالاکی سیاسی بوە و دوای گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە بانگێشت و خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان