ئەحمەد محەممەدی زیندانی لە مێژینەی سەقزی ئازاد کرا

ک.م.م.ک:

دووشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ی کوردی، زیندانییەکی سیاسیی بەناونیشانی ئەحمەد محەممەدی خەڵکی گوندی وزمانی سەقز پاش کۆتایی خولی ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپێنرابوو لە زیندانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە ئازاد کرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەحمەد محەممەدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی، بەتۆمەتی سیخوڕی و پڕوپاگەندا لەبەرژەوەندی حیزبە کوردییە ئوپوزیسیۆنەکانی ئێران بە چوارساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و حوکمی ناوبراو ڕۆژی چواری بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی پێی ڕاگەیەندرا.

شیاوی باسە کە، ئەحمەد محەممەدی ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی، پاش بانگهێشتی بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە سەقز دەستبەسەر و بۆ شاری سنە گوازرایەوە و پاش پێناساندنی تۆمەتەکانی بۆ زیندانی ئێران لە سەقز ڕاگوازرابوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *