کرێکارێکی شاری سنە بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پاراستن و داڕمانی چاڵاو گیانی لەدەست دا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کودستان، ڕۆژی یەکشەممۆ ۱٨ی ڕەزبر گەنجێک باناوی «غالب مەلایی» لەگوندی تودارمالا سەربە شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکا کارکردند بەهۆی داڕمانی چاڵاو ونەبوونی کەرەستەی پاراستن گیانی لەدەست دا.

ڕووداوەکە لەکاتێکدا هاتە ئاراوە کە شۆڤڵی میکانیکی چاڵاوێکی بە قوڵایی ۷ مەتر کەندبوو وکرێکاری ناوبراویش بۆ پشکنینی چۆنییەتی کارەکە چبوویە نێو چاڵاوەکە و هەرلەو کاتەدا چاڵاو دادەڕمێ و ناوبراو لەژێر کۆگایەکی زۆری ڕوخەک گیانی لەدەست دەدات.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی کێشەی ئابووری و دۆخی نالەباری کار، پاراستن کەمتر لەبەرچاو گیراوە. ئەمە لەحاڵەتێکدایە کە لەبەرچاوگرتنی پڕنسیپەکانی پاراستنی کار لە ئیشوکاری بیناسازی و پیشەیی و…دەتوانێ پێش هه‌ر  ڕووداو گەلی مەترسیدار بگرێت یان لانیکەم خەساری بەدی هاتوو لە کارەساتە کتوپڕەکان کەم بکاتەوە.

کەڵک وەرنەگرتن لە کەرەستە و ئامرازی پاراستنی لەلایە کرێکارانەوە بووە بەهۆی ئەوەی خاوەنکارەکان، پەیمانکار و لەو پەڕیدا بەرپرسان، کاتی ڕوودانی کارەسات، کرێکاران بە تۆمەتبار بزانن و هەموو هەڵەکان بخەنە ئەستۆی ئەوان، کەچی تاوانی هەرە گەورەتر، بەگشتی بە نەگونجاوبوونی شوێنەکانی کار و لەگەڵ ئەویشدا نەبوونی پرۆگرامێکی ڕێک و پێک و دیار بۆ تێگەیاندن و پڕوپاگەندەی پاراستنی و گەشەکردنی کلتووری پاراستنی دەگەڕێتەوە.

نەبوونی فێرکاری پێویست بەکرێکاران و نەبوونی کەرەستەی پێویست و تەواوی پاراستنی لەشوێنی کار، لەو بابەتە سەرنجڕاکێشانەیە کە تاهەنووکە هەوڵێکی کاریگەر بۆ نەمانی ئەم کەموکورییانە لەلایەن بەرپرسانی پێوەندی دارەوە بۆکرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەهاتووەتە ئاراوە،

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان