بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کۆمەڵێک لەچالاکانی مەدەنی شاری بانە لەمەڕ کوشتنی لەڕادەبەدەری کۆڵبەران وکاسبکاران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنی وئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، دەستیان داوەتە سازدانی کەمپەینێک لەژێرناوی «هەموومان هاوار وهاودەنگی کۆڵبەرانی سنوورەکانین»، وهەروەها داوایان لەهەموو چین وتوێژەکانی شاری بانە کردووە کەڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۱۷ی ڕەزبەر بە داخستنی دوکان وبازاڕ وبەشداری کردن لەمانگرتنێکی گشتگیر وهەمە لایەنە لەگەڵمان بن.
جێگەی باسە وبەپی ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکانی ڕاگەیەندراوەکانی مافی مرۆڤی كوردستان، دۆخی هەنووکەی کوردستان چ تۆفیر وجیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی واشەڕی تێدابەڕێوە دەچێ.
پێشێلکاریەکان وهێنانە ئارای دۆخێکی ئەمنی ودژە مرۆیانە لەئاستێکدایە، کە پێشهات ولێکەوتەکانی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای کوردی گرتۆتەوە، بەڕێوەبردنی هەموو سیاسەتێکی نەیارانە بۆ ئەمنی وبرسی کردنی کوردستان، کوشتنی کۆڵبەر وکاسبکاران، فەوتاندنی سرووشتی کوردستان لەڕێگەی لێدانی بەنداوو سوتاندنی دارستانەکان وبردنە دەرەوەی ئاوی کوردستان، تەشەنەی مادە هۆشبەرەکان کە چینی گەنجی ئەم دەڤەرەی داڕزاندووە، پەلامارو هەڕەشە لەسەرچالاکانی سیاسی ومەدەنی، گوشارخستنە سەر ژنانی کوردستان ونموونەی هەرەبەرچاوی پەلامار وگرتنی ژنان لەشاری مەریوان، قەدەغەکرانی پاسکێل سواری ژنان، پێڕانەگەیشتن بەڕێگەوبانەکان کەئاستی کارەساتی پێک دادانەکانی لەهەموو ئێران پترە ودەیان بابەت ومژاری دیکە، هەمووئەمانە دەریان خستووە کەکۆماری ئیسلامی ئێران هەرلەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەموو شێوازەکانی شەڕی دژبەکورد ڕاگەیاندووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان