ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوچەی هۆرامان و دەوروبەری سەوڵاواوە بۆ ناوەندی هەواڵی ک.م.م.ک نێردراوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی و بۆ ڕۆژی دووەم لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەرە بەیانی تا ١١:٠٠ی نیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای ترۆریستی پاسدارانی ئێران بەرزاییەکان کۆساڵانیان تۆپباران کرد.
بە پشت بەستن بەم ڕاپۆرتانە، سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندووە کە: ڕۆژی دووشەممە لە کاتژمێر( یەکی بەرەبەیانی تۆپباران دەستی پێکردوە و تا کاتی رۆژ ئێوارە درەنگان) بۆ سەر بەرزاییەکانی کۆساڵان بەردەوامی هەبووە، هێزەکانی سوپای پاسداران ڕێگای مەریوان – کامێرانیان داخست و ڕێگرییان لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە مەریوانەوە بۆ کامێران و بە پێچەوانەوە گرتووە.
هەروەها زۆربەی ناوچە به ئامانج کراوەکان، بەرزاییەکانی پشت گوندی ڕەزاب سەربەسەوڵاوا بوونە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، ساڵانە هێزەکانی سوپای پاسداران تۆپبارانی بەرزاییەکانی کوردستان دەکەن، جگە لەوەی ترس و دڵە ڕاوکێ بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروست دەکەن، چەندین بەشیش لە دارستانەکانی ناوچەکەیان وێران کردووە، دوای ئەوەش دەست بە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە دەکەن.
ع – ر