سڕینەوەی ناوی نەتەوەکان لە کتێبی قوتابخانەکانی ئێران

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان: هەرچەند لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە و حکومەتی پاشایەتیشەوە بە شێوەیکی سیستماتیک گەڵاڵە بۆ تواندنەوەی کلتور و ڕسەنایەتی کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیکییەکانی ئێران داڕێژراوە و پەیڕەوکراوە، ئێستاش لە درێژەی ئەو پیلانەنەدا، کۆماری ئیسلامی دەستی خستۆتە ناو مێژو و جوغڕافیای نەتەوە کانی ئێرانەوە، ناوی نەتەوەکان لە جوغڕافیا دیارە کانی ئێراندا دەسڕێتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە لە کتێبی «زانستەکۆمەڵایەتییەکانی» پۆلی هەشتەم و قۆناغی یەکەمی ناوەندی لە سیستمی فێرگەو بارهێنانی کۆماری ئیسلامیدا، لە لاپەڕەی ۹٥ و ۹۷ ی ئەو کتێبەدا بە جێگەی ناوی بەلوچستان بە ناوچەی دەسەڵاتی تەیموریان و ئیلخانیان ناوی لێهێناوە و لە ناوهێنانی «بلوچ» خۆی بواردوە.

ئەمە لەگەڵ ئەوەدا دێت کە زۆرجارانیش لە ڕیکلامی بازرگانی و شوێنە حکومییەکاندا خۆیان لە ناوی کوردستانیش دەبوێرن و ئەلئەحوازی خوزستانیش کراوە بە ئەهواز.

جێگای باسە کۆماری ئیسلامی جگە لە هەوڵ بۆ سڕینەوەی ناوی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران، ئیزنی بە هیچ یەک لە نەتەوە بن دەستەکانی ئێران نەداوە کە منداڵانیان بەزمانی دایکی وانە بخوێنن و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ۹۵ ــ ۹۶ لە ئەل ئەحوازدا ناڕەزایەتیکی بەربەرین کرا بەبۆنەی نەخوێندنی منداڵانی عەرەب بە زمانی دایکەوە، لە لاێیکی ترەوە چارەنوسی دوو سەعات وانە گوتنەوەی زمانی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چارەنوسی نادیارە و ئەم کەمایسیشە لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە پشت گوێ نەخراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان