سبه‌ی مه‌ریوان و ناره‌زایه‌تی/ کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی مەریوان لەبەردەم قایمقامیەتی ئەوشارە لەبەر دۆخی نالەباری جادەی سنە ــ مەریوان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڕیارە سبەی سێ شەممۆ خەڵکی مەریوان بە ۵ هەزار واژۆوە بەنیشانەی ناڕەزایی دەربڕین لەهەمبەر دۆخی نالەباری ڕێگەی سنە ــ مەریوان، کاتژمێر ۱۰ ی سەرلەبەیانی لەبەردەم قایمقامیەتی مەریوان کۆببنەوە، بانگەوازێکی سەرتاسەری ڕاگەیەندراوە وداوا کراوە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا وهەروەها خەڵکی دیکەی شارەکان بەشداری ئەم گڕدبوونەوە مەدەنییە بن بۆئەوەی چیتر خەڵک نەبن بەقوربانی ئەم ڕێگە مەرگاوییە.

وەک دەزانین شاری مەریوان خاوەنی بازاڕێکی گەورەی سنووری (باشماخ) ە وڕۆژانە بەسەدان تەن کەلووپەل وخواردەمەنی وهەروەها نەوت وسوتەمەنی هاوردە وهەناردەی هەردو وڵاتی ئێران وحکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت وجگە لەوەیش شارێکی گەشتیاری وناوازەیە وپڕە لەسەیرانگا وشوێنی گەشت وگوزار، بۆوێنە گۆلی زرێبار کە گەورەترین گۆلی ئاوی شیرینی جیهانە.

بەگوێرەی باسەکە، ڕێگەکانی کوردستان وبەتایبەتی ڕێگەی سەقز ــ مەریوان و ڕێگەی سنە ــ مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ناستاندارترین ڕێگە وبانی ووڵاتن وڕۆژ نییە کارەسانی پێک دادان ومرۆیی لێنەکەوێتەوە.

جێگەی سەرنجە ڕۆژی سێ شەممۆ ۶ ی ڕەزبەری ۱۳۹۵ ی هەتاوی لەڕێگەی سنە ــ مەریوان لەڕێگەی نگڵ بەرەولای شاری سنە تەنکەرێکی هەڵگری سووتەمەنی تەقییەوە و بووبەهۆی ئاگرتێبەربوونی ۷ ماشێنی دیکە. یەکێک لەشایەتحاڵانی ئامادەی شوێنی کارەساتەکە دەڵێ ۷ ماشێن سووتاون بەڵام هەنووکە ئاماری ڕادەی کوژراوەکان بەهۆی گەورەیی ڕووداوەکە جارێ نادیارە وتابێت ڕوو لە زیاد بوونە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان