ک.م.م.ک:
ڕۆژی شەممە ١٦ی گوڵانی ٢٧٢٣ی کوردی(٥ی مانگی مەی ٢٠٢٣ی زاینیی) چالاکێکی سیاسی ناسراوی عەرەب بەناونیشانی حەبیب کەعبی(حەبیب ئەسیوود) لەلایەن سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئێعدام کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشارت بەتۆمەتی« افساد فی الارض» وەکوو سەرکردەی گرووپێکی جودایی خواز (حرکتە النضال) مەحکووم کرابوو و حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە دیوانی بالای وڵات پشتڕاست کرابوویەوە.
شیاوی باسە، حەبیب کەعبی هاوڵاتی ئێرانی ـ سویدی لە خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی، بە تەرز و ڕەوەندێکی گوماناوی لە تورکیاوە بۆ تاران گوازرایەوە و پاش ئەوە هەواڵگری دەنگ و ڕەنگی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکدا ئەم هاوڵاتییەی وەکوو سەرۆکی گرووپی جودایی خوازانی ئەهواز ناساند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەم گرووپە دژبەرەی کۆماری ئیسلامی دەستیان هەبوو لە هێرشی تیرۆریستی بۆسەر نمایشی هێزە چەکدارەکان لە ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی(٢٠١٨ی زاینیی) لە شاری ئەهواز.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای مەحکووم کردنی چالاکانی سیاسیی نەتەوە بندەست خراوەکانی ئێران، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی جیهانی دەکات بەرانبەر بەم پێشێلکاریانەی کۆماری سێدارەی ئیسلامی هەڵوێست بگرن و چیدی لەو دەسەڵاتە تیرۆریست پەروەرەی قوبووڵ نەکەن پڕسەی ڕفاندن و ئێعدام و تیرۆر بەبنەما بگرێت و دادوایش لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکەین ڕفاندن و ئێعدامی ئەو هاوڵاتیانەی ڕەگەزنامەی ئێوەیان هەیە هێرشە بۆسەر کەرامەت و دیمۆکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و چیدی نابێ ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تیرۆریست پەروەرە دانووستان و سازش بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
ق.ش