ک.م.م.ک:
دووپاتەکردنەوەی ژەهراوی کردنی قوتابیان لە خوێندنگە جیا جیاکان شەپۆلێکی دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقاندنی خستۆتە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، بێجگە لە قوتابیان هێندێک لە خوێندکارانی زانکۆش بوونەتە قوربانی ئەو هێرشانە.
لە دەستپێکی یەکەمین هێرشی ژەهراوی کردنی قوتابیان کە چوار مانگ لەمەوبەر لە قوتابخانەیەکی کچانە لە شاری قوم روویدا تێدەپەڕێت، ڕێژەی ژەهراوی بووان و قوربانیانی ئەو هێرشانە رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشان دایە.
بە سەرنجدان بەو ڕاپۆرتانەی کە لە تەواوی قوتابخانەکانی کە وەبەر هێرشی کیمیاوی کەوتوون، پاش هەڵمژینی گازەکە بۆتە هۆی نیشانەکانی وەک پشووسواری و بێ هێزی و لاوازبوونی کۆ ئەندامی جەستە و گیرانی ماسوولکەکان و شەلەلی کۆئەندام و……لە چەند حاڵەتێکی تایبەت دا مردنی ژەهراوی بووەکانی لێ کەوتۆتەوە.
لە دەستپێکی ئەو رووداوانە دا، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەئەنقەست و بەرنامە داڕێژراو بوونی ئەو رووداوانەی وەئەستۆ نەدەگرت و وەدرۆی دەخستنەوە، وروودانی ئەو کارەساتانەی دەگێڕاوە بۆ پڕوپاگەندەی خراپی شەپۆلی میدیای نەیاری دەرەوەی وڵات و لە ئەستۆی خۆی دا دەڕنی.
بەڵام بەردەوامی ئەو هێرشانە دوو دڵی خەڵکی رەواندەوە و دڵنیای کردن کە ئەو رووداوانە نەک هەر بە ڕێکەوت نینە بگرە بەربڵاوی و شوێن و شێوازی رووداوەکان پیشاندەری بەئەنقەست بوون و پلان داڕێژراو بوونی ئەو هێرشە ژەهراویانەیە.
بێ هەڵوێستی و کەمتەرخەمی رێکخراوە پەیوەندی دارەکانی حکوومەتی ئێران لە بەدواداچوونی دۆخەکە و هۆکار و کەسانی تێوەگلاو بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا و بە تایبەتی دژبەرانی حکوومەت بۆ بەدواداچوونی دۆخی قوربانیان و دیتنەوەی کەسانی فەرمان پێکراو و ئەنجامدەرانی کارەساتەکان شک و گومانی جدیان هەبێت.
نەمانی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە شوێنی خۆیان لە کاتی ڕووداوەکان و هەڵوێستی ناشاییست وێڕای تووندوتیژی کەسانی سەربە حکوومەت و حەراسەتی قوتابخانەکان دەرهەق بە قوتابیان و خوێندکاران و هەڕەشە لە دایک و باوک و کەس و کاری قوربانیان و قوتابیان و لە بەردەست نەبوونی هیچ ڤیدیۆیەک لە کات و ساتی ڕوودانی کارەساتەکان و…..لەو حاڵەتانەن کە دەست و پێوەند و لایەنگرانی حکوومەتیش رەخنه و ناڕەزایەتی خۆیان لێ دەربڕیوە.
شک و گومانەکان بەوەندە کۆتاییان پێ نایەت، هێندێک لەو بڕوایەدان کە ئەو سناریۆیانەی حکوومەت بۆ گۆڕینی وردبینی له بابەتێکی تایبەتە، لێرەدا حکوومەت دەیهەوێت قەیرانێکی گەورە بە سازدانی قەیرانی چووکە بو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و فوکووس و وردبینی و سرنج لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هەڵگێڕێتەوە بۆ لای قەیرانی سازدراوی ژەهراوی کردنی کیژۆلەکانی قوتابی و به لاڕێدا بردن و هەوڵ دان و پاڵپشتی کردن لە کەسان و گرووپە تووندئاژۆکانە کە دژی هەر جۆرە بەشداری کردنی ژنان لە کۆمەڵگا دان، و پەرە پێدەری ئامانجی تووندئاژۆی وەک تاڵەبانی ووڵاتی ئەفغانستانن.
ئەوەی کە زیاتری خەڵک تووڕە کرد، لێدوانی وەزیری تەندروستی حکوومەتی ئێران بوو کە لە چەند رۆژەی رابردوودا ویستی بەو لێدوانانە رووداوەکان چکۆلە بکاتەوە و بیانسڕێتەوە و دەویست رووداوی ژاراوی بوونی قوتابیان لە ژێر ناوی دۆخی خراپ، کۆنتڕۆڵ کراو بنوێنێ و لە گرینگی رووداوەکان، واباشترە و دەکرێ بڵەیین زەرەر و زیانەکانی ئەو ژاراوی کردنانە کەم و کز پێشان بدات.
تۆقاندنی ئەو مێرمنداڵانە کە هێزی شاراوەی بەشداری کردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی-یان تێدا هەیە و یان پێشووتر بە شێوەیەک لەو بزووتنەوەیە دا چالاکیان هەبوە، دەکرێ ئەوە یەکێک لە ئامانجەکانی سەرەکی حکوومەت بێت.
ترساندنی کۆمەڵگا یەکێک لە شێوەکانی باوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە پێشووتریش کەڵکی لێ وەرگرتووە. ئەگەر بێتوو سەرێک لە ڕابردووی کۆماری ئیسلامی بدەین بگەڕێنەوە بۆ دوواوە، دەبینین پاش ناڕەزایەتی گشتی مانگی گەڵارێزانی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی، حکوومەتی ئێران بە بڵاوکردنەوەی حەب و دەرمانی نەناسراو لە ناو کاڵا خۆراکییەکان دا بە تایبەتی کێک هەویستی ڕای گشتی خەڵکی سەبارەت بە کوژراوەکان و دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی گشتی ئەو سەردەمە بە لاڕێدا برد.
وادیارە کە حکوومەت لە ئەزموونەکانی خۆی یارمەتی لە شێوازی ئەندازیاری کۆمەڵگا وەردەگرێت بە بەکارهێنانی تیۆرییەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی ، که بەر بەست سازکات بۆ دەست پێ کردنەوەی بە هێزی دووبارەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.
بەڵام ئەوەی کە سرنجی داڕێژەرە ئەمنیەتییەکانیحکوومەتی رانەکێشاوە، گرینگێکی تایبەتمەندی هەيە ئەوەيەکەکۆمەڵگای ئێران فێڵ و تەڵەکەکانی حکوومەتیان لە لا ئاشکرا بووە،زوو یان درەنگ کۆمەڵگاسرنج و تێبینی و وردبینی خۆیان بۆ تێپەڕین و لادانی ئەو دەسەڵاتەوجێگرەوەیەکیتر دەخەنەگەڕ، و هەرجۆرە هەوڵێکی دەسەڵات و لایەنگرانی نێردراوی حکوومەتبۆدەرەوەی ووڵات پووچەڵ دەکاتەوەوتەنيابۆ چەند رۆژێک هات و هاوار ڕێکدەخات و خۆی ڕادەنێت لە کۆتایی دا بیر و ڕای گشتی بە لایەکدا ساغ دەبێتەوە کە کۆتایی بەو سناریو و رووداوانە بێنێت کە ئاسایش و ئارامی ڕوح و گیانی کۆمەڵگایان کردۆتە ئامانج، و تەنیا رێگە چارەی بەکەڵک لادان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکوومەتەی ئێستاکە هەڵدەبژێرن و دەیگرنە بەر.
ع – ر