ڕێگری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەهاباد لە بە دواداچوونی کوژرانی گەنجێکی کورد بەهۆی ئەشکەنجە

 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سازمانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگە دەگرێ لەبەدواداچوونی کوژرانی گەنجێکی کورد لەڕێگەی دەزگای قەزاییەوە.

ئەم گەنجە کوردە ناوی جەلال جەوانمەردە کەبەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات گیانی لەدەست دابوو.

پاش کوشتنی جەلال جەوانمەرد لەلایەن ئیتلاعاتەوە تەرمەکەی بەشێوەی مەرجدار لەژێرناوی خۆکوشتنی ناوبراو وڕاگەیاندنی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕادەستیان کرابویەوە.

پاش تێپەڕینی پترلەدوومانگ لەم کارەساتە، ئیتلاعات بەشێوەی فەرمی و نوسراوە داوای لەدەزگای قەزایی کردووە کە ڕێگە لە بە دواداچوونی دۆسیەکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بگیردرێت ودۆسیەکەی بە (ئەمنی وپێوەندی دار بە دژی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی) ڕاگەیاندووە.

جەلال جەوانمەرد ۲٦ساڵ تەمەن کوڕی ڕەسوڵ، ڕۆژی دوشەممۆ ۲٨ی پووشپاڕی ساڵ ۱۳۹٥ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەربە ئیتلاعات لەمەهاباد بەتۆمەتی «کوردبوون وهاریکاری حیزبە کوردییەکان» دەستبەسەر وپاش دووڕۆژ ئەشکەنجەی گران لەلایە لێپرسەرانی ئیتلاعات گیانی لەدەست دابوو.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان