پەرهام پەروەری بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوازرا

ک.م.م.ک:

چوارشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی، ئەندازیار پەرهام پەروەری، هاوڵاتی خەڵکی سەقز و زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، لە پەیوەندییەکی تێلەفوونیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاند کە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوازراوە.

بەپێی کوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: پاش ٤٦ڕۆژ تێپەڕیبوون بەسەر کاتی دەستبەسەری ئەندازیار پەرهام پەروەری، مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری هەڵبژاردراوی پێدرا.

مازیار تاتایی پارێزەری پلەیەکی دادگوستەری، پاش خوێندنەوەی دۆسیەی ئەم هاوڵاتییە بۆ بنەماڵەکەی باسی کرد کە تۆمەتی محاربە هێشتا وەکوو خۆی ماوەتەوە.

پێشتریش پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵگەلێک سەبارەت بە لاچوونی تۆمەتی محاربەی پەرهام پەروەری، سەرچاوەیەکی نێزیک بەم بنەماڵە، هەواڵەکەی بەدرۆ خستەوە.
پەرهام پەروەری ١١ی ڕەزبەری لە ڕەوتی خۆپیشاندانە گشتگیرەکان لە تاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی فشافوویە ڕاگوازرا.

ناوبراو پاش حەوتوویەک بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوازرا و لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئێڤین بە محاربە مەحکووم کرا.
ئەندازیار پەرهام پەروەری، ٢٥ ساڵ تەمەن، دەرچووی بواری ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی پیشەیی ورمێ و لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری لە تاران کار دەکات.

پەرهام پەروەری خاوەن پلەی سێی وڵاتە لە بواری مەلەوانی و چەندد پلەی دیکەیشی لەم بوارە وەرزشیەدا هەیە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *