تاران؛ کوشتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەڵماس لە لایان هێزە حکوومەتیەکانەوە

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی وەدەست کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، هاووڵاتییەک بە ناوی “شەمسەدین شەکووری حەسەن ئابادی” تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی تازە شار سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری تاران، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە بە لێدانی چەقوو لە لایان هێزەکانی حکوومەتەوە لە ژووری ماڵی خۆی دەکوژێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند کە: ناوبراو لە خۆپیشاندانی جەماوەری ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە فیشەک بریندار کرا بوو.

هەروەها گوتی: بە هەڕەشە و گوشار هێنان بۆ براکەی، ڕۆژی ڕابردوو چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز تەرمی ناوبراویان لە گوندی قەسرێک سەر بە شاری ورمێ بەخاک ئەسپارد.

هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران “مێهرزاد شەکووری حەسەن ئابادی”برای کوژراوەکەیان تا کۆتایی ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی براکەی بە بارمتە گرت بوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ئیجازەی لێدوان دەگەڵ هیچ راگەیاندنێکتان نییە.


هەروەها هێزە ئەمنیەکان ئیجازەیان بە بنەماڵەکەی نەداوە پێش ناشتنی بۆ دواجار تەرمی کوڕەکەیان ببینن، و رێورەسمەکە لە کەش و هەوایەکی زۆر ئەمنیەتی دا بەڕێوەچوو.

ع. ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *