پارێزگای ئیلام؛ ڕفاندنی وەرزشوانێک و ئازادی کاتی سۆنیا شەریفی

ک.م.م.ک:

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، وەرزشوانێکی خەڵکی ئیلام بەناونیشانی جەلیل عەزیزپوور، پاش ئەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران دەیکەنە ژێر ئۆتۆمبێلەوە بریندار و دواتر دەستبەسەری دەکەن.

بەپێی هەواڵەکە، دواتر بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ دەیگوازنەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنی و ئازار و ئەشکەنجەی دەکەن و دواتر دەینێرن بۆ دادگا و پاشان ڕادەستی زیندانی ناوەندی ئیلام دەکرێ.

جێی باسە تا ئێستە نەزانراوە دۆخ و چارەنووسی بەرەو کام لا ئاراستە کراوە.

لە هەواڵێکی تردا هاتووە کە سۆنیا شەریفی کچە قوتابی ١٧ ساڵ تەمەنی خەڵکی ئابدانان کە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر تۆمەتی محاربەی بەسەردا سەپێنرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەز پاش نێزیک بە مانگێک دەستبەسەری، بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندی ئیلام ئازاد کرا.

شیاوی باسە کە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو گرتووخانە و زیندانەکانی ئاخنیوە لە منداڵ و مێرمنداڵ و قوتابی و خوێندکار بەتایبەت لە کوردستان و بەو شێوەیە دەیهەوێ ئۆتۆریتەی خۆی بسەپێنێتەوە بەسەر کۆمەڵگادا لە هیچ تۆمەت و ئەشکەنجەیەک ناسڵەمێتەوە و تیرۆر و ڕفاندن و ڕاوەدوونانی لە کوردستان درێژە پێدەدات.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *