ک.م.م.ک:
هەموو گەلی کورد ئاگادار دەکەینەوە کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پانتای چالاکییەکانی هەر لە دەسپێکەوە جیاواز لە ناوەندەکانی دیکەی مافی مرۆڤی بووە و ئەم چالاکیانە لە چەندد خاڵدا بەرجەستە بوونەتەوە و لەگەڵ هەر کونگرەیەکی نوێدا ئاراستەکەی زیاتر چەسپاندووە و جگە لە ڕووماڵی هەواڵ، هەوڵی سازکردنی کەلتوورێکی نوێی بەرگری و ساقکردنەوەی داوە کە لەم چەندد خاڵەدا خۆدەبینێتەوە:
١. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەردەوام خۆی لە سێبەری حیزبایەتی پاراستووە و نەی هێشتووە ڕەوتی حیزبی کۆمەڵگەی کوردی پێ لەت لەت بکات و لەسەر میکانیزمی سەربەخۆیی تەواو تێکۆشان دەکات
٢. کۆمەڵەی مافی کوردستان، کوردستانی بندەستی ئێران بە پارچەیەک لە کوردستانی گەورە دەزانێ و هەوڵی جێگرکردنی ئەو زێهنیەتە دەدات و باوەڕی وایە بەدەر لەو تەرزە بیرکردنەوەیە، لە چوارچێوەی سیاسەت و منتالیتەی داگیرکەر هەڵسووڕاوی
٣. هەموو ئەو ناوچەو پارێزگایانەی خاکی کوردستانن بەدیاریکراوی دەستنیشان کراون و پێچەوانەی نیەتی داگیرکەر ناساندوومانن وەکوو پارێزگای سنە کە داگیرکەری ئێرانی وەکوو پارێزگای کوردستان و تەنیا پارێزگای کوردی ناوی لێدەبات یان پارێزگای ورمێ کە بە ئازەربایجانی غەربی نازەدی کردووە
٣. هەوڵی پشتڕاست کردنەوەی ناوی ئەو شار و گوند و دەڤەرانەی کە حکومەت و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانی گۆڕیونی و ئێمە بەدیاریکراوی ساقیان دەکەینەوە
٤. ئێمە کوردستان بە وڵاتێکی داگیرکراو دەزانین و هیچ کام لە دامودەزگاکانی حکوومی ڕەوایەت پێنادەین و وەکوو دامەزراوەی سیستەمی داگیرکەر ناوزەدی دەکەین بۆ وێنەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە یان زیندانی ئێران یان قایمقامەتی ئێران لە سەقز یان مەریوان
٥. دانانی پرۆگرامی تۆکمە و دیاریکراوی کەلتووری تەواو کوردی بۆ بەهێزکردنی بنەما زەینییەکانی تاکی کورد لەسەر جوگرافیای سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی
٦. پەروەردە و فێرکاری زمانی کوردی بۆ هەموو ئەندامان و هۆگرانی کوردستان
٧. خۆهەڵنەواسین بەهیچ داگیرکەرێکی کوردستان و تەنانەت هیچ حیزبێکی کوردییەوە و داماڵینی هەر چەشنە بیرۆکەیەکی دژە کوردی و دژە نەتەوەیی
٨. ئامادەیی بۆ وەرگرتن و داڕشتن و گەڵاڵەی هەر بیرۆکەیەکی نوێ کە بیهەوێ خزمەت بە نەتەوەکەمان بکات
٩. خستنەڕووی بەشێک لە چالاکی و بیرۆکەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە داهاتوودا، کەکاتی خۆی ئاشکرای دەکەین
١٠. داوا لە هەموو دڵسۆزانی نیشتمانەکەمان دەکەین یارمەتیدەرمان بن بۆ ڕازاندنەوەی کوردستانی خاوێن کراو لە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی داگیرکەران
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان