پێدەچێت هێمن حەفار مستەفایی لە سنە لەسێدارە بدرێت

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی هەواڵی پەیامنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سنە، ئەگەری لەسێدارەدانی هێمن حەفار مستەفایی هاوڵاتیەکی زیندانیکراوی زیندانی ئێران لە سنە لە ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی سەرماوەز هەیە.

هێمن حەفار مستەفایی و شۆڕش مروەتی زیندانیانی مەحکووم بە لەسێدارەدان لە زیندانی ئێران لە سنە هاوکات هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەر کراوە.
 هێمن مستەفایی، لەدایکبووی ساڵی ۱۳٦٨ هەتاوی و نیشتەجێی کانی دیناری مەریوان، ڕۆژی ۱۱ی ڕەشەمەی ۲۷۱۳ی کوردی بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەمەدی لە مەریوان دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە.

جێی ئاماژەیه کە چوار ڕۆژ دوای کوژرانی ئیبراهیم محەمەدی، هێمن مستەفایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەریوانه وه دەستبەسەر کرا و لە کاتی لێپرسینەوە و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی سەختی جەستەیی و دەروونیدا، کوشتنی ئەو ئەندامەی پاسداران گرتەوە ئەستو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن مستەفایی بە هەڕەشە و بەڵێنی لێپێچینەوەکانی ئەمنییەتی ئامادە بووە سیناریۆکەی پێشوەختەی ئامادەکراو قبوڵ بکات کە لەلایەن لێپێچینەوەکانەوە ئامادەکراو بوو.

سەرچاوەکە لە بەردەوامیدا وتی: لە ڕەوتی ئەم کەیسەدا سێ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی بەیان کاکەیی، هیوا دادائافەرین و خەلیل شیرزادی بە تۆمەتی بەشدارییان لە کوشتنەکەدا دەستبەسەرکراون.

هێمنن مستەفایی ماوەیەک پێش دەستبەسەرکردنی ئەندامی پارتێک ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لێیان جیا بووتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعات گەڕایەوە بۆ مەریوان.

 سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە جێبەجێکردنی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دژی هێمن مستەفایی دەتوانێت پەیوەندی بە ئەندامێتی پێشووی ناوبراو لەیەکێک لە پارتە کوردییەکان دا هەبێت.

هێمن مستەفایی سەرەتا لە دادگای سزادانی(کیفری) ئێران لە شاری سنە بە تۆمەتی “خاوەنداریەتی چەک” بە چوار ساڵ زیندانی سزادرا و بە تۆمەتی “کوشتن” بە قەساس سزا درا و هەرچەندە ئیدارەی ئیتلاعات و سوپا داوای پشتڕاستکردنەوەی دۆسیەی “موحاربە” یان کرد دژ بە هێمن مستەفایی، بەڵام دادگای باڵا(دیوان عالی) ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە چونکە شاهد و بەڵگەی تەواو نەبوو.
ئەو زیندانییە پێشتر لە ۳۱ی جۆزەردانی ۲۷۱۷دا بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بەڵام دوای گردبونەوەیەکی ناڕەزایی دەیان چالاکوانی مەدەنی و هاوڵاتیانی شاری سنە بە ڕەزامەندی خانەوادەی قوربانییەکە بە شێوەیەکی کاتی سزاکە ڕاگیرا.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *