ک.م.م.ک:
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی کە وەدەست کەوتوون، پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، هاووڵاتییەک بە ناوی “ئومێد حەسەنی ” تەمەن ٢٠ ساڵ لە کاتی گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمی چلەی گیان بەخت کردوانی شاری سنە لە نیزێکی تێرمیناڵی شارەکە لە لایان هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، شەوی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەو لاوە ٢٠ ساڵە یان بە بێ هۆشی هێناوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحید و لە ئاکامدا ناوبراو ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر بە هۆی کاریگەری برینەکانی و خوێنبەربوونی دەمارەکانی مێشکی گیانی لەدەست دا.
پێویستە ئاماژە بکرێت کە، بە رەچاوکردنی ئەوە کە لە لایەن کاربەدەستانی نەخۆشخانە نەتوانراوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکەن، تەرمەی ئەو لاوە لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکان ڕفێنراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکات کە ئەگەر زانیارییەکیان سەبارەت بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە گیان بەخت کردووە هەیە، لە رێگای سۆشیال میدیاکان کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ع. ر