كۆمهڵهی مافی مرۆڤی كوردستان: بەرپرسی بونیادی کاروباری “ئیسارگەرانی ئێران”ڕۆژی ۱٨ی خەرمانانی ۹٥ی هەتاوی لە هەلو مەرجێکدا باسی لە قوربانیانی کیمیابارانی لە بیرنەکراوی شاری سەردەشت کرد و گوتی؛ وەبەر کەوتوان و قوربانیانی کیمیابارانی شاری سەردەشت جێی شانازی وڵاتن، کەچی هێشتا بەشێکی زۆر لە دۆسییەی پەیوەندیدار بەو کەسانەی کە لە کیمیابارانەکانی عێراقدا وەبەر کەوتوون ، پێیان ڕانەگەیشتوون وهەر ساڵەو بە وەرگرتنی پارەیکێی زۆر و سازدانی ڕواڵەتی چەند کۆمەیسیونێکی بەدوادا چوون و بەڵێنی و یارمەتی بە قوربانیان و دواتریش لە کرداردا هیچ شتێک لە ئارادا نییە و جێبەجێش ناکرێت.
تەنیا ۱۳٨۰ کەس لە کۆی گشتی ۱۲۰۰۰ کەسە قوربانی و بەر کەوتوەکانی کیمیابارانی ئەو شارە دۆسییە و پێوەر و ئاستی وەبەر کەوتنەکانیان بۆ دیاری کراوە یان دۆسییەی “جانبازی” یان بۆساز دراوە.
بە تێپەڕ بوونی ۲۹ساڵ لەو کارەساتە هێشتا وێکەوتوانی کیمیابارانی سەردەشت بەبێ هەبوونی پزیشکی پسپۆڕ پشتگوێ خراون و دۆخی پێڕاگەیشتن بە بریندارانی کیمیایی لەو شارەدا جێگای سەرنجە.تەنانەت زۆریەک لە بریندارانی کیمیایی بۆ نانی شەوێ داماون ، کێشەی هەناسەدان ، سییەکان و سۆمای چاو ، کۆکەی بەردەوام و خەمۆکی و داڕمانی وەرە و ئیرادە تایبەتمەندی هەرە بەرچاوی قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشتن.
شایانی باسە بگوترێت هێرشی ئەرتەشی عێراق لە ۷ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳٦٦ی هەتاویدا بەکەڵک وەرگرتن لە بۆمبی کیمیایی لە چوار خاڵی پڕ لە هاتۆچوی شاری سەردەشتدا بوە هۆی کوژرانی ۱۱۰ کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنی و ۱٥۰۰۰ کەسیش کەوتنە بەر غازە کیمیاوییەکان و ژەهراوی کران.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان