١٥ساڵ زیندان بۆ سێ کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران سێ کەس لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان بەناوەکانی ڕەسووڵ بوداقی، محەممەد حەبیبی و جەعفەر ئیبراهیمی سەرجەم بە ١٥ساڵ و مانگێک زیندان مەحکووم کردووە.

ڕامین سەفەرنیا پارێزەری بەرگریکاری چالاکانی پیشەیی مامۆستایان ڕایگەیاند کە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بۆ ڕەسووڵ بوداقی، محەممەد حەبیبی و جەعفەر ئیبراهیمی حوکمی دەرکردووە. حوکمە دەرکراوەکە بەم شێوەیە:

١. ڕەسووڵ بوداقی بەتۆمەتی گردبوونەوە و سازان بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات بە ساڵێک زیندان مەحکووم کراوە.

٢. جەعفەر ئیبراهیمی بەتۆمەتی گردبوونەوە و سازان بە ٤ ساڵ زیندان و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات بە ساڵێک زیندان مەحکووم کردووە.

٣. محەممەد حەبیبی بەتۆمەتی گردبوونەوە و سازان بە ٣ ساڵ و ٧ مانگ و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات بە ساڵێک زیندان مەحکووم کردووە.

شیاوی باسە کە ئەم سێ چالاکە پیشەییەی مامۆستایان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هەر چەشنە چالاکییەکی پیشەیی و ئەندامەتی لە پێکهاتە پیشەییەکانیان لێ قەدەغە کراوە و بۆ ماوەی دووساڵیش چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغەیە.

ڕێوڕەسمی دادگای سەرەتایی ڕەسووڵ بوداقی ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران و ڕێوڕەسمی دادگای سەرەتایی محەممەد حەبیبی و جەعفەر ئیبراهیمی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، لە هەمان لق بەڕێوەچوو.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراوان ١٠ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ناسراو بو بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوازران.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *